رووداو دیجیتاڵ لەسەر داوای جۆزێ مۆرینیۆ، یانەی ریال مەدرید چووەتە نێو کێبڕکێیەکی بەهێز لەگەڵ رکابەرە مێژوویەکەی، یانەی بارسێلۆنا، بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەلیساندرۆ باستۆنی، بەرگریکاری یانەی ئینتەر، تاوەکو لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا هێڵی بەرگری یانە شاهانەکە بەهێز بکات. رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرتـی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ریال مەدرید وەک بەربژێرێکی چاوەڕواننەکراو بۆ گواستنەوەی باستۆنی دەرکەوتووە. ئەمەش دوای ئەوەی جۆزێ مۆرینیۆ، کە باس لەوە دەکرێت ببێتە راهێنەری داهاتووی مێرێنگی، سەرسامی خۆی بۆ ئاستی ئەو بەرگریکارە پێشانداوە، هاوکات لەگەڵ ساردبوونەوەی بارسێلۆنا لە کڕینی یاریزانەکە. سەبارەت بە نرخی گرێبەستەکە، رۆژنامە ئیتاڵییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە کارگێڕیی ئینتەر بە کەمتر لە 70 ملیۆن یۆرۆ دەستبەرداری باستۆنی نابن، ئەم بڕە پارەیەش لە توانای ریال مەدریددایە، بەتایبەت کە یانە ئیسپانییەکە پلانی هەیە شۆڕشێک لە هێڵی بەرگریدا بکات. لەلایەکی دیکەوە، هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، گومانی لە گونجانی باستۆنی لەگەڵ شێوازی یاریکردنی خۆی هەیە و داوای بەرگریکارێکی بە تایبەتمەندی جیاواز کردووە، ئەمەش دەرگای بۆ یانە مەدریدییەکە واڵا کردووە تاوەکو بەئاسانی دەست بە گفتوگۆکان بکات. لەکۆتاییدا، رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە باستۆنی خۆی ئاماژەی بەئەگەری گواستنەوەی بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ داوە؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستیگرام، لایکی هەواڵی گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆی بۆ ریال مەدرید کردووە، کە وەک ئاماژەیەک بۆ ئارەزووی یاریکردن لەژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە دادەنرێت.