رووداو- تەندروستی
خۆراکناسێک دەڵێت خواردنەوەی چا بە رێژەیەکی زۆر و بە شێوازی ناتەندروست، کاریگەریی نەرێنی لەسەر تەندروستیی ئێسک، خوێن و ددانەکان هەیە.
ئێلا ئیحسان خۆراکناس بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "منداڵی خوار تەمەن 12 ساڵ باشنییە چا بخۆنەوە، بەڵام ئەگەر دایکان بیانەوێت بیدەن بە منداڵەکانیان، باشتر وایە چای روونی بێ شەکر بێت و لە پیاڵەدا پێشکێش بکرێت."
سەبارەت بە زیانەکانی چای شیرین، ئەو خۆراکناسە ئاماژەی بەوەکرد، "چای بە شەکر هاوتەریب دەکرێت لەگەڵ قەڵەوی، بۆیە خواردنەوەی چا بە رێژەیەکی زۆر و بە شەکرەوە زیانێکی بەرچاوی هەیە."
هەروەها، رێنمایی تایبەت بە خانمان دەدات و دەڵێت، "پێویستە خانمان رۆژانە لە دوو کوپ چا زیاتر نەخۆنەوە."
ئێلا ئیحسان هۆشداریش دەدات لە خواردنەوەی چا راستەوخۆ دوای ژەمەکان و دەڵێت، "خواردنەوەی چا دوای ژەمەکان دەبێتە هۆی زیادبوونی لێدانی دڵ، سەرئێشە و هەستکردن بە ماندووبوونی بەردەوام."
