رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی منداڵان باس لە قۆناخەکانی گەشەی منداڵ دەکات و ئەو نیشانانە دەخاتەڕوو کە پێویستە دایکان و باوکان بیانکەنە هۆکار بۆ سەردانیکردنی پزیشک.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21-5-2026 د. دڵزار پاڵانی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان لە بوڵتەنی تەندروستی رایگەیاند، "گەشەی منداڵان لایەنی جەستەیی و مێشکی دەگرێتەوە، هەر قۆناخێکی گەشە گرنگیی خۆی هەیە بۆ نموونە، "منداڵ دەبێت لە سێ مانگی سەری رابگرێت."
د. دڵزار پاڵانی ئاماژەی بەوەکرد، دایکان و باوکان پێویستە نیگەران بن "کاتێک کێشی منداڵەکەیان زۆر کەمە و باڵای بەرز نەبووەتەوە، ئەگەر منداڵێک تەمەنی 9 مانگە و دانەنیشتووە، یان 18 مانگە و ناڕوات، پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی منداڵان بکات."
سەبارەت بە گەشەی قسەکردن، د. دڵزار روونیکردەوە، "ئەگەر منداڵێک تەمەنی دوو ساڵ بێت و قسە نەکات، پێویستە پشکنینی بۆ بکرێت، چونکە لە تەمەنی دوو ساڵیدا منداڵ دەبێت 50 وشە بەکاربهێنێت."
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی منداڵان باسی لە هۆکارەکانی دواکەوتنی گەشە کرد و گوتی: "کۆمەڵێک هۆکار هەن وەکو خۆراک، شێوازی ژیان و بۆماوەیی کە کار لە گەشەی منداڵەکە دەکەن."
لە کۆتایدا د. دڵزار پاڵانی هۆشدارییەکی توندیدا لەبارەی بەکارهێنانی مۆبایلەوە و رایگەیاند، "بەکارهێنانی مۆبایل بووەتە کێشەیەکی گەورە لەنێو منداڵان و وایکردووە قسەکردنیان دوابکەوێت. نابێت منداڵی خوار دوو ساڵ مۆبایل بەکاربهێنێت و بۆ سەروو دوو ساڵیش پێویستە کاتێکی دیاریکراو، کە کەمتر بێت لە کاژێرێک، پێی بدرێت."
