رووداو- تەندروستی
توێژینەوەیەک لە ئەمریکا دەریدەخات پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی رووەکی (ڤیجیتیریان و ڤیگن) دەکرێت پشتگیری لە گەشەیەکی تەندروستی منداڵان بکات.
توێژینەوەکە لە زانکۆی ستانفۆرد لە ئەمریکا بەراوردی نزیکەی 50 هەزار منداڵی کردووە کە پشتیان بە خۆراکی رووەکی بەستووە و لەگەڵ ئەو منداڵانەی هەموو جۆرە خۆراکێک دەخۆن، دەرکەوتووە؛ منداڵانی ڤیجیتیریان (کە بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکە دەخۆن) و ڤیگن (کە هیچ بەرهەمێکی ئاژەڵی ناخۆن) رێژەیەکی کەمتریان لە وزە، پرۆتین، چەوری، ڤیتامین B12، ڤیتامین D و زینک وەرگرتووە، لە بەرامبەردا رێژەی ریشاڵ، ئاسن، فۆلێت، ڤیتامین C و مەگنسیۆمیان بەرزتر بووە.
توێژینەوە ئەمریکییەکە جەخت لەوەدەکاتەوە بۆ دڵنیابوون لە گەشەی تەندروست و رێگریکردن لە کێشە خۆراکییەکان، پێویستە دایکان و باوکان بە وردی پلانی خۆراکیی منداڵەکانیان دابنێن.
د. میکایێڵ سنیدەر سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە زانکۆی ستانفۆرد دەڵێت " ئەو منداڵانەی سیستمی رووەکی پەیڕەو دەکەن پێویستییان بە پلاندانی ورد دەبێت بۆ ئەوەی هەندێک مادە و ڤیتامینیان کەم نەبێت"
