رووداو - تەندروستی
شیکارییەکی نوێ لە بەریتانیا دەریدەخات تێکڕای باڵای منداڵان لە بەریتانیا لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا بەرزبووەتەوە، بەڵام ئەم زیادبوونە پەیوەندیی بە باشتربوونی تەندروستیی منداڵانەوە نییە.
شیکارییەکە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بەریتانیا کراوە و دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی تێکڕای باڵای منداڵان لە بەریتانیا پەیوەندی بە زیادبوونی قەڵەوی لەنێو خێزانە هەژارەکان و فراوانبوونی نایەکسانیی کۆمەڵایەتی ئابوورییەوە هەیە.
زانکۆ بەریتانییەکە ئاماژە بەوەدەکات کێشی زیادە یان قەڵەوی دەبێتە هۆی گۆڕانکاریی هۆرمۆنی، کە گەشەی منداڵان خێراتر دەکات، منداڵانی قەڵەو خێراتر گەشە دەکەن بۆیە زۆرجار باڵایان بەرزترە لە هاوتەمەنەکانیان کە کێشیان ئاساییە، بەڵام منداڵانی قەڵەو لە داهاتوودا مەترسیی زیاتری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی وەک شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ هەیە.
د. ئاندرو مۆسکرۆپ توێژەر لە زانکۆی ئۆکسفۆرد دەڵێت: "لەوانەیە وەک هەواڵێکی خۆش دەربکەوێت کە تێکڕای باڵای منداڵان لە بەریتانیا بەرزدەبێتەوە، بەڵام لە راستیدا ئەمە چیرۆکێکی ناخۆشە، چونکە هۆکارەکەی زیادبوونی قەڵەوییە."
