رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، "موقاوەمە" بەگوێرەی ئاڵنگارییەکان بەردەوام دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی "داگیرکەر" و دەڵێت، "ئەگەر پەرلەمان یاسای حەشدی شەعبی پەسند نەکردایە، هەندێک بە میلیشیایەکی تیرۆریستی ناویان دەبرد و داوایان دەکرد هەڵوەشێنرێتەوە."
قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاند، ئامانجیان ئەوەیە لە دەوڵەتێکی "پەککەوتوو و شکستخواردووەوە هەنگاو بنێن بۆ قۆناخی دەوڵەتێکی سەرکەوتوو."
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق گوتی، "دەبێت ئەوە روونبکرێتەوە کە چیمان دەوێت و مەبەستمان لە دەوڵەتی سەرکەوتوو چییە، ئەو رۆڵە چییە کە پێشتر بینیومانە و ئێستا دەیبینین و پەیوەندی ئەو رۆڵە بە دەوڵەتەوە چییە؛ چاومان لەسەر گەیشتنە بە دەوڵەتی سەرکەوتوو."
ئەو گوتانەى خەزعەلى لە گوتارێکدا بوو کە چوارشەممە 27ى ئایار لە شاری بەغدا، بەبۆنەى جەژنى قوربانەوە پێشکێشى کرد.
ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق باسی لە رۆڵی "موقاوەمە" کرد و گوتی، "ئەگەری هەیە ئەم کارە بەردەوام بێت تاوەکو ئەو شوێنەی خودا دەزانێت، بەگوێرەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە رووبەڕووی وڵات دەبنەوە، رووبەڕووبوونەوەی داگیرکاری بەشێکی روونی هێنانەکایەی ئامانجی دەوڵەتی بەهێز و سەرکەوتووە؛ سەروەریی وڵات نایەتە دی، ئەگەر وڵات لەژێر دەسەڵاتی داگیرکاریدا بێت."
قەیس خەزعەلی ئاماژەی بە ئەزموونی سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد، کە سەرەتا بە کەسانی خۆبەخش دەستی پێکرد و دواتر دامەزراوەی سەربازیی دروست کرد بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەی و گوتی، "پێمانوایە ئەوەی لە 2014 روویدا کە داعش هات و دواتر فەتوای عەلی سیستانی مەرجەعى باڵا دەرچوو و حەشدی شەعبی پێکهێنرا، ئەوە هەنگاوێکی گرنگ و راستەقینەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە."
ئەو دەستەیە کە زۆرینەی پێکهێنەرانی لە شیعەکانن، لە ساڵی 2014 بۆ شەڕی داعش دامەزرا و دواتر وەک دەزگایەک بەستراوە بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکان.
قەیس خەزعەلی رایگەیاند، دەستەی حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی یاساییە لە رێگەی یاسایەکی پەرلەمانی عێراقەوە لەژێر چەتری دەستووردا، ئەوە بە "دەستکەوتێکی گرنگ" ناو دەبات و دەڵێت، "ئەگەر پەرلەمان یاسای حەشدی شەعبی پەسەند نەکردایە، هەندێک ئەو گرووپەیان بە میلیشیایەکی تیرۆریستی ناودەبرد، کە دەبێت هەڵوەشێندرێتەوە."
