رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستانی کرد، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە داتا و ژمارە وەڵامی دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، بەغدا مووچەی دوو مانگی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی خواردووە.
رۆژی سێشەممە 9ی حوزەیرانی 2026، وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، وەک وەڵامێک بۆ داواکارییەکەی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە داوای لە حکومەتی فیدراڵ کردبوو "ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان رابگرێت" تاوەکو پاکتاوی دارایی تەواو دەکرێت، بەو پێیەی بە گوتەی ئەو "هەرێم داهاتە نانەوتییەکان رادەست ناکات".
فەیحان: هەرێم تەنیا 40 بۆ 50 ملیار دینار رادەست دەکات
عەدنان فەیحان لە راگەیێندراوەکەیدا باسی لەوە کردبوو، کە بەپێی یاسای بودجەی ژمارە 13 و رێککەوتنی ساڵی 2025، دەبوو هەرێمی کوردستان مانگانە 391 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رادەستی بەغدا بکات، دواتر لە ڕێگەی لیژنەیەکی وزارییەوە بڕەکە کەمکراوەتەوە بۆ 200 ملیار دینار و لە کۆتایی ساڵی 2025ـیش رێککەوتنی نوێ کراوە کە 120 ملیار دینار مانگانە رادەست بکرێت. فەیحان دەڵێت، "حکومەتی فیدراڵ پابەند بووە بە ناردنی مووچە، بەڵام هەرێم تەنیا 40 بۆ 50 ملیار دیناری مانگانە ناردووە، ئەمەش زیان بە سامانی گشتی دەگەیێنێت."
وەزارەتی دارایی: بەغدا خەرجیی راستەقینە وەک گەمارۆی ئابووری بەکاردەهێنێت
وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییە یاساییەکانی جێبەجێ کردووە. وەزارەتەکە چەند خاڵێکی خستووەتەڕوو:
- مووچە فەوتاوەکان: لە ساڵی 2025دا هەرێمی کوردستان داهاتی رادەست کردووە، بەڵام بەغدا تەنیا مووچەی 10 مانگی ناردووە و مووچەی مانگەکانی 11 و 12ـی نەناردووە، لەکاتێکدا هەموو عێراق مووچەیان وەرگرتووە.
- سیستمی ئەسیکۆدا: کێشەی جێبەجێنەکردنی سیستمی ئەسیکۆدا وەک ئامرازێک بۆ "گەمارۆی ئابووری" دژی هەرێمی کوردستان بەکارهاتووە.
بەپێی ئەو خشتانەی وەزارەتی دارایی بڵاویکردوونەتەوە، بڕی ئەو پارانەی وەک داهاتی نانەوتی رادەستی گەنجینەی فیدراڵ کراون بەم شێوەیە:
داهاتە رادەستکراوەکانی 2025
- مانگی کانوونی دووەم: 51 ملیار و 895 ملیۆن دینار
- مانگی شوبات : 48 ملیار و 722 ملیۆن دینار
- مانگی ئادار: 48 ملیار و 205 ملیۆن دینار
- مانگی نیسان: 50 ملیار و 522 ملیۆن دینار
- لە مانگی ئایار تاوەکو تشرینی یەکەم: مانگانە بڕی 120 ملیار دینار رادەستکراوە
داهاتە رادەستکراوەکانی 2026
- مانگی کانوونی دووەم و شوبات: مانگانە 120 ملیار دینار
- مانگی ئادار 43 ملیار و 94 ملیۆن دینار. وەزارەتەکە دەڵێت، "بەهۆی بارودۆخی جەنگ لە ناوچەکە داهات کەمی کردووە."
- مانگی نیسان: 50 ملیار و 292 ملیۆن دینار
- مانگی ئایار: 120 ملیار دینار
وەزارەتی دارایی رەخنەی تووند لە عەدنان فەیحان دەگرێت و دەڵێت، "جێی سەرسوڕمانە کەسێک لەو پلە باڵایەدا بێت و داوای بڕینی مووچەی هاووڵاتییانی خۆی بکات".
ئاماژە بەوەش دەکات، بەند و بڕگەی "خەرجیی راستەقینە بە شێوەیەکی ناڕەوا و چەوسێنەرانە تەنیا دژی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی مووچەخۆران بە تەواوی خەرج نەکرێت."
.jpg&w=3840&q=75)


.jpg&w=3840&q=75)
