رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی تەندروستیی عێراق نوێترین ئاماری تای خوێنبەربوونی لە وڵاتەکەدا راگەیاند، بەپێی ئامارەکان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا 145 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و 9 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
رۆژی سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026، سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە رووداوی راگەیاند، تیمەکانی چاودێریی پەتا و دامەزراوە تەندروستییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڤێتێرنەری، رۆژانە چاودێریی دۆخی تای خوێنبەربوون لە هەموو پارێزگاکان دەکەن.
بەپێی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، تەنیا لە هەفتەی رابردوودا 40 تووشبوونی نوێ و حاڵەتێکی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە، زۆربەی تووشبووەکانیش لە پارێزگای زیقار بوون.
ئاماری گشتیی تووشبووان و گیانلەدەستدان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە:
- زیقار: 74 تووشبوو و 6 گیانلەدەستدان
- موسەنا: 18 تووشبوو
- میسان: 9 تووشبوو
- دیالە: 8 تووشبوو و یەک گیانلەدەستدان.
- بابل: 7 تووشبوو و یەک گیانلەدەستدان.
- بەسرە: 6 تووشبوو و یەک گیانلەدەستدان.
- پارێزگاکانی دیکەی وەک واست، بەغدا، نەینەوا، کەربەلا، سەڵاحەدین، دیوانییە، کەرکووک، ئەنبار و نەجەف، ژمارەی تووشبووانیان لە نێوان یەک بۆ 7 کەسدایە.
بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق چەند رێنماییەکی بۆ هاووڵاتییان بڵاوکردووەتەوە:
- کڕینی گۆشت تەنیا لەو سەربڕخانانەی کە مۆڵەتی تەندروستییان هەیە.
- قەدەخەکردنی سەربڕینی ئاژەڵ لەناو گەڕەک و شوێنە گشتییەکاندا.
- بەکارهێنانی دەستکێش و جلی پارێزەر لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵ یان گۆشتەکەی.
- کوشتنی گەنە کە گوێزەرەوەی سەرەکیی نەخۆشییەکەیە.
- کوڵاندنی گۆشت لە پلەی گەرمیی زۆر بەرز و بۆ ماوەیەکی تەواو.
سەیف بەدر روونیکردەوە کە "ئەرکی وەزارەتی تەندروستی بریتییە لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە و پێشکێشکردنی چارەسەر و هۆشیارکردنەوە، بەڵام ئەرکی رووبەڕووبوونەوەی گەنە و رێگریکردن لە سەربڕینی هەڕەمەکیی ئاژەڵ، لە ئەستۆی وەزارەتی کشتوکاڵ، شارەوانییەکان و لایەنە ئەمنییەکانە."
.jpg&w=3840&q=75)


