رووداو - تەندروستی
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە بەڕێوەبەر و کارمەندانی تۆڕی میدیایی رووداو دەڵێ، هەڵکەوت عەزیز پەیامنێرێکی دڵگیر، چالاک و زیرەک بوو، بە وردی بەدواداچوونی بۆ بابەتەکانی دەکرد.
د. سامان بەرزنجی دەڵێت: بەداخەوە گیانی سپارد و بە دڵگرانییەکی زۆرەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆم و وەزارەتی تەندروستی لە کەسوکار، خانەوادەی خوالێخۆشبوو و بەڕێوەبەر و ستافی تۆڕی میدیایی رووداو و تەواوی دۆست و هاوکارانی دەکەم.
دوا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانیە کرا و هەو لەوێش گیانی لەدەستدا. موهەننەد نەعیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دیوانیە بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی سەختیی برینەکەی کە لە سەریدا بوو، رەوانەی چاودێریی چڕ کرا، دواتر بە ئامادەبوونی پزیشکانی مێشک و دەمار و سینگ لەگەڵ پزیشکانی سڕکەر کاری پێویستی بۆ کرا، بەڵام لەکۆتاییدا گیانی لەدەستدا.
ئەو پەیامنێرێکی چالاک و ئازیز بوو لەلای هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق. بە متمانە و راستگۆییەوە رووماڵی هەواڵەکانی دەکرد.
ئامارەکانی رووداوی هاتووچۆ
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەستدەدەن و نزیکەی 20 بۆ 50 ملیۆن کەسی دیکەش دووچاری پەککەوتەبوون و ئیفلیجبوونی هەمیشەیی دەبن.
بەپێی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پار 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون؛ بەراورد بە ساڵی 2024، ئەو رووداوانە 1.6% زیادیان کردووە.
زۆرترین رووداوی هاتووچۆی پار لە عێراق پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە کە حەوت هەزار و 103 رووداو بووە، بە دوایدا رووداوی لێدان بە ئۆتۆمبێل (شێلان) هاتووە کە سێ هەزار و 811 رووداو بووە؛ پار 964 رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراون.
بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی پارەوە، دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی 2024 ژمارەی گیانلەدەستدان 13.5% کەمیکردووە.


