رووداو-تەندروستی
توێژەران لە ئەمریکا، رێگەیەکی نوێیان بۆ چاودێریکردنی سووڕی خوێنی مێشک لە کاتی نەشتەرگەریدا دۆزیوەتەوە.
توێژەران لە زانکۆی تەکساس لە ئەمریکا تەکنیکێکی نوێیان بە ناوی (SIMSI) ناساند کە کامێرای ستاندارد بەکاردەهێنێت بۆ وێنەگرتنی وردی جووڵەی خوێن لەنێو مێشکدا، بەبێ ئەوەی پێویست بە کامێرای خێرا یان دەستکاریکردنی شانەکانی مێشک بکات، ئەم تەکنەلۆژیایە لەسەر تەکنیکێکی کۆنتر بە ناوی (LSCI) بنیات نراوە، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر وردتر کاردەکات و دەتوانێت پێوانەی جووڵەی خوێن بکات، نەک تەنیا بەراوردی خێرایی و هێواشییەکەی.
پرۆفیسۆر د. ئاندرو دەن، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە کۆلێژی ئەندازیاریی بایۆمیدیکاڵ رایگەیاند، "بەم رێگەیە دەتوانین گۆڕانکارییە خێراکانی سووڕی خوێن تۆمار بکەین، کە پێشتر بەهۆی سنوورداریی کامێراکانەوە ون دەبوون."
پرۆفیسۆر د. ئاندرو دەن ئاماژە بەوەدەکات " جگە لە نەشتەرگەریی مێشک، ئەم داهێنانە دەتوانرێت لە نەشتەرگەرییەکانی دڵ، چارەسەری جەڵتەی مێشک، هەڵسەنگاندنی شانەکان لە نەشتەرگەریی جوانکاری و توێژینەوە لەسەر نەخۆشییەکانی وەک بیرچوونەوە و زەبری مێشک سوودی لێوەربگیرێت


