رووداو - تەندروستی
بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن لە هەولێر بە کەسوکار، ماڵبات و هاوکارانی هەڵکەوت عەزیز دەڵێ، خۆمان بە هاوبەشی خەمەکانتان دەزانین و نزاکارین لە پەروەردگار، کۆچکردوو بە بەهەشت شاد بکات و بیخاتە بەر دلۆڤانی خۆی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاڕاستەی کەسوکار و خێزانی هەڵکەوت عەزیزی هاوکارمان دەکات و رایدەگەیێنێت، رۆژنامەنووس (هەڵکەوت عەزیز) هەمیشە بۆ گەیاندنی راستییەکان لە پێشەوەی رووداوەکان بوو، نموونەی دەنگێکی راستگۆ و بێلایەن بوو.
ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ئەوەش دەڵێ کە کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، کەلێنێکی گەورە لەنێو راگەیاندنی کوردیدا دروستدەکات.
د. کامەران محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سۆران پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی کەسوکار و خێزانی هاوکارمان هەڵکەوت عەزیز دەکات و دەڵێ، لەدەستدانی خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ میدیای کوردی
د. کامەران محەممەد ئەوەش باس دەکات کە هەڵکەوت عەزیز لە گەیاندنی راستییەکان لە کاری میدیاییدا شوێنپەنجەی دیاری هەبوو.
دوا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا. موهەننەد نەعیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دیوانیە بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی سەختیی برینەکەی کە لە سەریدا بوو، رەوانەی چاودێریی چڕ کرا، دواتر بە ئامادەبوونی پزیشکانی مێشک و دەمار و سینگ لەگەڵ پزیشکانی سڕکەر کاری پێویستی بۆ کرا، بەڵام لەکۆتاییدا گیانی لەدەستدا.
ئەو پەیامنێرێکی چالاک و ئازیز بوو لەلای هەموو خەڵکی کوردستان و عێراق. بە متمانە و راستگۆییەوە رووماڵی هەواڵەکانی دەکرد.
ئامارەکانی رووداوی هاتووچۆ
بەگوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ساڵانە ملیۆنێک و 200 هەزار کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆوە گیان لەدەستدەدەن و نزیکەی 20 بۆ 50 ملیۆن کەسی دیکەش دووچاری پەککەوتەبوون و ئیفلیجبوونی هەمیشەیی دەبن.
بەپێی، وەزارەتی پلاندانانی عێراق، پار 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون؛ بەراورد بە ساڵی 2024، ئەو رووداوانە 1.6% زیادیان کردووە.
زۆرترین رووداوی هاتووچۆی پار لە عێراق پێکدادانی ئۆتۆمبێل بووە کە حەوت هەزار و 103 رووداو بووە، بە دوایدا رووداوی لێدان بە ئۆتۆمبێل (شێلان) هاتووە کە سێ هەزار و 811 رووداو بووە؛ پار 964 رووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری عێراق تۆمار کراون.
بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی پارەوە، دوو هەزار و 351 کەس گیانیان لەدەستداوە کە بەراورد بە ساڵی 2024 ژمارەی گیانلەدەستدان 13.5% کەمیکردووە.


