رووداو-تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA)، رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانێک بۆ رێگریکردن و کەمکردنەوەی خوێنبەربوون لە منداڵان و هەندێک تووشبووی نەخۆشیی هیمۆفیلیادا.
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) رەزامەندی لەسەر دەرمانی Hympavzi دا کە سەر بە کۆمپانیای فایزەردا، دەبێتە یەکەم چارەسەر لە جۆری "non-factor" بۆ ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە 6 بۆ 11 ساڵە و تووشبووی هیمۆفیلیای جۆری Bـن.
هەروەها، دەزگاکە بەکارهێنانی دەرمانەکەی بۆ ئەو کەسانەش فراوان کرد کە تەمەنیان 12 ساڵ و زیاترە و تووشبووی هیمۆفیلیای جۆری A یان Bـن و جۆرێک لە دژەتەنیان هەیە کە رێگری لە کارکردنی پڕۆتینەکانی مەیاندنی خوێن دەکات.
چارەسەرە نوێیەکە لە رێگەی پێنووسێکی ئۆتۆماتیکییەوە لەژێر پێست بەکاردێت، ئەمەش جێگرەوەیەکە بۆ چارەسەری خوێنهێنان (infusion) کە پێشتر پێویست بوو هەفتەی چەند جارێک وەربگیرێت.
هیمۆفیلیا، نەخۆشییەکی دەگمەنی خوێنە کە تێیدا خوێن بەباشی نامەیێت، ئەمەش بەهۆی کەمیی پڕۆتینەکانی مەیاندنی خوێنەوە روودەدات و دەبێتە هۆی خوێنبەربوونی کتوپڕ و توند دوای برینداربوون یان نەشتەرگەری.


