لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، باسی چارەنووسی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و پێنتاگۆن دەکات، کە لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ کۆتایی دێت و مانگانە بڕی 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی پێشمەرگە دابین دەکات.
وەزیری پێشمەرگە، باس لەوە دەکات، کە چەقبەستوویی سیاسی، کارانەبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکنەهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەوڵەکانی نوێکردنەوەی هاوکارییەکان هەبووەو دەڵێت، "ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا بوایە، کاریگەرییەکی پڕبایەختر و زیاتری دەبوو لەسەر کۆنگرێسی ئەمریکا.“
دەقی هەڤپەیڤین:
رووداو: با لەوە دەست پێ بکەین لە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ پێنتاگۆن بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە کۆتایی دێت. هیچ ئومێدێک هەیە بۆ نوێکردنەوەی ئەو لێکتێگەیشتنە؟ ئایا دەست بە گفتوگۆ و قسەکردنی جیدی کراوە بۆ ئەوەی ئەو هاوکارییانە بەردەوام بن؟
شۆڕش ئیسماعیل: سەرەتا سوپاسی جەنابتان دەکەم و سوپاس و رێزم هەیە و خۆشەویستیی زۆر بۆ بینەرانی رووداو، ئەو بابەتە قسەوباسی زۆری لەسەر کراوە، من حەز دەکەم روونتر باسی بکەم. ئێمە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی ئەمریکایە، بۆ ماوەی 4 ساڵ کە لە ئەیلوولی 2022ـەوە واژۆ کراوە. ئەم ساڵ لە مانگی 9 کۆتایی دێت. کۆتایی بە هاوکارییە داراییەکان دێت، واتە کۆتاییهاتنەکە پەیوەندیی بە ژینگەی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە نییە، واتە پێش 4 ساڵ ئێمە ئەم رێککەوتنەمان کرد. ئومێدی زۆرمان هەبوو، کە ئەم رێککەوتنە نوێ بکرێتەوە، ئێستاش ئومێدمان هەر بەردەوامە و لە هەوڵی بەردەوامداین، بەڵام من دڵنیام بۆ هاندان و پشتیوانیی ئەم نوێکردنەوەیە، بێگومان هەوڵی دیپلۆماسیشی دەوێت، نەک هەر تەنیا هەوڵی وەزارەتی پێشمەرگە. ئومێدم وایە ئەو ماوەیەی کە ماوە بتوانین ئەم لێکتێگەیشتنە نوێ بکەینەوە، گەرچی ئێستا لەو گفتوگۆ ستراتیژییەی کە نراوە بۆ رێککەوتن لەگەڵ عێراق، ئەمریکا و عێراق، وەزارەتی پێشمەرگە بەشێکە لەو گفتوگۆیانە. ئەمریکا بەڵێنی پێداوین کە لەناو چوارچێوەی ئەو یارمەتییانەی کە لە داهاتوودا بە عێراقی دەدەن، هێڵێکی جیاواز بهێڵێتەوە بۆ ئەوەی عێراقیش خۆی رەزامەند بێت لەوەی ئەمریکا بە شێوەیەک لە شێوەکان بەردەوامی بە مەشق و هاوکارییەکانی بە شێوەیەکی دیکە بدات، نەک بەو شێوەیەی کە هەیە. ئەمە خاڵێک، خاڵێکی دیکە من دڵنیام ئەگەر پەرلەمانی کوردستان کارا بووایە، ئەگەر کابینەی 10 پێکبهاتانە، سەکۆ دیپلۆماسییەکە، کاریگەرییەکی پڕبایەختر و زیاتری دەبوو لەسەر کۆنگرێسی ئەمریکا، لەسەر سێناتی ئەمریکا، لەسەر وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا. ئێستاش درەنگ نییە و هەوڵدراوە، من ئاگادارم کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە هەوڵ و شاندی ناردووە بۆ ئەمریکا، ئێمەش لێرە لە هەوڵدا بووین، بەڵام ئەوان سەیری چوارچێوەی یاساییی حوکمڕانی و حکومەت دەکەن. هیوادارم لەم رۆژانەدا کە هەڵمەتێکی زۆر هەیە و لەم ماوانەی پێشوودا جەنابی کاک مەسعود پەیامێکی بەبۆنەی جەژنەوە بڵاوکردبووەوە، کە دەبێت یەکێتی و پارتی هەرچی زووە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کۆببنەوە، من دڵنیام جەنابی کاک مەسعود لە سەرووی ناکۆکییەکانەوەیە و دەبێت لە سەرووی ئەو ناکۆکی و ململانێیانەوە بێت، کە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆ ئەوەی هەرچی زووە حکومەتێکی نوێ لەدایک بێت و پەرلەمان کارا بێت بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەم پشتیوانییە یاساییە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە جارێکی دیکە لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنێکی چەند ساڵیدا کارا بێت.
رووداو: واتە گەیشتوویتە ئەو بڕوایەی کە کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و پێکنەهێنانی حکومەتێکی نوێ کاریگەر بێت لەسەر ئایندەی هاوکارییەکانی هاوپەیمانان و پاڵپشتییەکانی پێنتاگۆن بۆ هەرێمی کوردستان؟ بەڵام تەنیا 3 مانگمان ماوە، 3 مانگ زۆر کەمە، ئەگەر شتێکی جیدی نەکرێت.
شۆڕش ئیسماعیل: هیچ کاتێک درەنگ نییە بۆ کاری باش، بۆ هەنگاونان، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ. رەنگە ئەمە کاری یەک دانیشتن بێت، دانیشتنێکی پڕمتمانە و لێکتێگەیشتن. دڵنیام ئێستا یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی کە بەرپرسیارێتیی گەورەی پاراستنی ئەم قەوارەیەی هەرێمی کوردستانیان لە ئەستۆیە، دەبێت وێنە روونەکە لەبەرچاویان بێت، کە لەبەرچاویشیانە. کاری ئەوە نییە بڵێی کاتی دەوێت، ئەوەندە قسەی لەسەر کراوە و رەخنە گیراوە و ئەوەندە هێرش کراوە. لەبەرئەوە لە دانیشتنێکی جیدیدا دەتوانن کۆتایی بەوە بهێنن. لە سەرووی هەمووشیانەوە دەبێت جەنابی کاک مەسعود چاودێریی ئەوە بکات، کە ئێستا وەک برا گەورەیەکە لە هەرێمی کوردستان، ئەو دەبێت لە سەرووی هەموو ناکۆکییەکانەوە بێت و فەرمان بکات کە دەبێت ئەو رێککەوتنە هەرچی زووە بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بەو چەقبەستوویەی بەردەم پێکهێنانی کابینەی دەیەم.
رووداو: خۆت دەزانیت بەردەوامبوونی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە پاڵپشتیکردنی داراییی پێشمەرگە، پەیوەستە بەوەی کە تا چەند زووتر هێزەکانی 70 و 80 یەک بخرێن. چی کراوە بۆ ئەمە؟ بە نزیکەیی سەدا چەندی کارەکان کراوە؟ بەربەستەکان چین؟ رێگرەکان کێن؟
شۆڕش ئیسماعیل: بێگومان کاری باش کراوە. ئەگەر بەراوردی بکەین لە سەرەتای دەستپێکردنی کابینەی 9 و چوونی ئێمە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە، ئەگەر بەراورد بکرێت لەو سەرەتایەوە تا ئێستا، وەزارەت هەر ناناسرێتەوە ئەوەندە گۆڕانکاریی باش کراوە، هەنگاوی زۆر باش نراوە بە پشتیوانیی هەموو لایەک. رەنگە بەشێکی مابێت کە دەبوو ئەویش تەواو بووایە، بەڵام ئەو رێگری و گرفتانە هەبوون. دێمەوە سەر وەڵامی پرسیارەکەی بەڕێزتان کە بۆچی کاریگەریی هەبووە؟ بێگومان پێکنەهێنانی کابینەی نوێ و کارانەکردنەوەی پەرلەمان کاریگەریی لەسەر تاک بە تاکی کوردستان هەیە، لەبەرئەوە کاریگەریی راستەوخۆشی لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە هەیە. بۆیە دەتوانم بڵێم کە زۆربەی زۆری کارەکانی پڕۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوە و رێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تەواو بووە. ئەگەر بەشێکی مابێت، ئەو بەشەیە کە بەڕاستی وەک جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتی دەرچوونی خولی زاخۆ گوتی: "هەموومان لەبەردەم ئەمریکییەکاندا شەرمەزارین". من لەگەڵ ئەوەدام پڕۆسەی چاکسازی بۆ 2 هێزی حیزبی قورسە، واتە ئاسان نییە 2 هێزی حیزبی بهێنیتە ژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە و رێکیان بخەیتەوە و پابەندیان بکەیت بە یاسا و سەرکردایەتییەکان.
رووداو: چەند لە لیواکانی 70 و 80؟ چەندی کراوە ئەگەر بە ژمارە پێم بڵێی؟
شۆڕش ئیسماعیل: زۆربەی لیواکان. ئێستا نزیکەی لە پڕۆسەی دروستکردنی 11 فیرقەداین لەگەڵ ئامریەیەک. دەڤەری یەک تەواو بووە، دەڤەری دووش رەنگە لەم یەک دوو هەفتەیەدا تەواو بێت، لەبەرئەوە بەرەو کۆتایی دەڕوات، بەڵام باشترە هەرچی زووتر ئەمە کۆتایی پێ بێت. بێگومان ئەمریکییەکانیش و بەریتانییەکان، ئەڵمانییەکان، ئیتاڵییەکان و تەنانەت هۆڵەندییەکانیش کە ئەم 5 وڵاتەن و وەک "MNAG" بە خۆیان دەڵێن، راستەوخۆ سەرپەرشتیی پڕۆسەی چاکسازییان کردووە لە وەزارەتی پێشمەرگە، لەبەرئەوە بێگومان ئەوانیش ئاسوودە و دڵخۆش دەبن. گەرچی ئێمە گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەین، ئەوانیش لە بابەتەکە تێدەگەن، بەڵام باشترە ئەو بەشەی ماوە کە رەنگە بتوانرێت لە ماوەی دوو هەفتەدا کۆتایی پێ بهێنرێت، تەواوی بکەین.
رووداو: راستییەکەی ئەوەیە کە کێشەی زوو یەکنەخستنەوەی هێزەکانی 70 و 80 پەیوەندیی بە ناکۆکیی نێوان یەکێتی و پارتییەوە هەبووە. ئەگەر راشکاوانە بە خەڵک بڵێیت ناکۆکییەکان چین؟ بۆ نموونە لەسەر پلەوپۆستی لیواکانە، فیرقەکانە؟
شۆڕش ئیسماعیل: لەناو وەزارەتی پێشمەرگە کەمترین گرفتمان ماوە. دەتوانم بڵێم لەناو وەزارەتی پێشمەرگە تیمێکی یەکگرتووین.
رووداو: لایەنگری بۆ زەرد و سەوز نەماوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: رەنگە کەم تا زۆر مابێت، بەڵام ئەم پڕۆسەی رێکخستنەوە و یەکخستنەوەیە کاتی دەوێت. تۆ کە ئەم هێزە رێکدەخەیتەوە، ژیانت بۆ دابین کرد، چەکت بۆ دابین کرد، سەربازگەی باشت بۆ دابین کرد، گرفتەکانی بەردەمی وەک تاک چارەسەر کرد، وەکو منداڵ و نەخۆشی.. ، ئەم شتانە هەمووی قۆناخ بە قۆناخ هەنگاوی بۆ نراوە و چووەتە پێشەوە. ئەفسەر و سەرباز وردە وردە، هەرچەندە ئێستاش ئینتیمایان بۆ حیزبەکانیان هەیە، بەڵام ئینتیمایان بۆ کوردستانیش هەیە، چونکە ئەم هێزە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. هێزەکانی 70 و 80 مێژوویەکی پڕ شانازی و سەروەرییان هەیە، کە لەژێر سەرکردایەتیی یەکێتی و پارتی خەباتیان کردووە دژی سەدام و داعش و ئەمانە، بەڵام ئەم قۆناخە، قۆناخێکە دەبێت ببێت بە هێزێکی نیزامیی یەکگرتووی کوردستانی. وردە وردە ئەم ئینتیمایە بە شێوەیەکی دیکە دەگۆڕێت، واتە ئینتیماکەی هەر دەمێنێت، بەڵام کاتێک دێتە ژێر چەتری وەزارەت و کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەوە، دەبێت پابەندی یاسا بێت. بۆ نموونە، ئێستا پێشمەرگە نیوەی مووچەی سەربازێکی عێراقی وەردەگرێت، دەبێت ئەم ماف و شایستەیەی بۆ دابین بکەیت. ئێمە دەتوانین لە ئایندەدا ئەمانە لە رێگەی گفتوگۆی بەردەوام لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق چارەسەر بکەین، کە هەموو پێویستییەکانت بۆ چارەسەر کرد، ئیتر ئینتیماکەی دەگۆڕێت. ئینتیما حیزبییەکەی هەر دەمێنێتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی قووڵتر بۆ کوردستانییە، بەشێوەیەکی دیکە کە هاتە سەر دەنگدان یان شتێک هەڵوێستی لەگەڵ ئەو حیزبە ئەبێت بۆ دەنگدان، بەو کردارە جوانانەی دەبێتە ئاوێنەیەکی جوان و بێگەرد لە نێو ئەو هێزەدا، ئەمەش سەرکەوتنە بۆ حیزبەکەش. دەگوترێت ئەفسەری فڵان لایەنە کە ئینتیمای بۆ فڵان لایەن هەیە لە ئەرکە سەربازییەکەی خۆیدا بەم شێویە سەرکەوتووە. بەم شێوە ماندوونەناسە بەم شێوەیە فیداکارە، سەرکەوتنە بۆ حیزبەکەی.
رووداو: با بێمە سەر ئەو خاڵە، ئەگەر لە حاڵەتێکدا پاڵپشتییە داراییەکانی هاوپەیمانان بڕا، کوردستان چی دەکات بۆ پڕکردنەوەی ئەو 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلارەی مانگانە؟
شۆڕش ئیسماعیل: دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەر کوێیەک بێت بودجەی بۆ پەیدا کردووە، دەبێت ئەو بودجەیەی بۆ پەیدا بکات. خۆت دەزانی هێزی پێشمەرگە، وەزارەتێکی بەکاربەرە، واتە هیچ بەرهەمێکی نییە لەم قۆناخەدا. رەنگە لە قۆناخێکدا کە ناوچەکە سەقامگیر بێت و هێزی پێشمەرگە هەموو قۆناخەکانی دیکەی تەواو کردبێت، بتوانێت بەرهەمیشی هەبێت، بەڵام لەم قۆناخەی ئێستا هیچ داهاتێکی نییە. دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، نەک هەر ئەو بودجەیەی کە ئێستا هەیەتی بودجەیەکی کەمە، ئێمە ناتوانین ژێرخانی وەزارەتی پێشمەرگەی پێ بەڕێبکەین، ئەگەر بەرواردی بکەین لەگەڵ ئەو هێزانەی عێراق، ئەو بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە هەیەتی بودجەیەکە بەس وەزارەتی پێشمەرگە دەتوانێت کارەکانی پێ بەڕێوەببات. لەوەی کە زۆر زۆر دەستگیرۆیی دەکەین و لە زۆر شتدا توانیومانە ئیش و کارەکانمانی پێ بەڕێوە ببەین.
رووداو: لە چەند مانگی رابردوودا کە گرژی لەنێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل هەبوو، زۆرترین داواکاری ئەوە بوو کە وەزارەتی پێشمەرگە پێویستی بە سیستەمی بەرگرییە. ئەوەی تاوەکو ئێستا هەیە ئەوەیە کە سیستەمی بەرگری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نییە یان تۆکمە نییە. چیتان کردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە؟ هەم داواتان لە هاوپەیمانان کردووە، هەمیش وەک هەوڵێک بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی بەرگری بۆ وەزارەتی پێشمەرگە؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەشێکی ئەمریکا لەگەڵ عێراقدا رەزامەندیی داوە، کە ئەو سیستەمە دژە درۆنە، نەک هەر درۆن، بەڵکو دژە مووشەک و رۆکێتیش، بێتە عێراق و بۆ هەرێمی کوردستانیشی دابین بکات، بەتایبەتی بۆ شوێنە گرنگەکان وەک داناگاز "کێڵگەی گازی کۆرمۆر"، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکایەتیی هەرێم وەک قۆناخی یەکەم. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەنگاومان ناوە، ئەو زانست و زانیارییانەی پەیوەستن بە درۆن و دژە درۆن و خۆپاراستن لە درۆن، هەنگاوی جیدیمان بۆ ناوە و ئەو زانست و زانیارییانەمان وەرگرتووە.
رووداو: واتە ئەو درۆنانەی کە لە کاتی گرژییەکاندا دەخرانە خوارەوە لەسەر فڕۆکەخانە و دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، هی وەزارەتی پێشمەرگە بوو یان هی هاوپەیمانان؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەدڵنیاییەوە دەڵێم تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە سوودمەند بین لەم چەکە لەم تەکنەلۆژیا پێشکەوتووە، بەڵام لە هەوڵداین. دەبینیت کە عێراق لەو رووەوە رێگەنادات وەزارەتی پێشمەرگە دەستکراوە بێت لە وەرگرتنی چەکی پێشکەوتوو لە وڵاتان بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
رووداو: سیستەمی بەرگریی عێراق خۆشی زۆر تۆکمە نییە، چونکە مووشەکەکان هێشتا لە عێراق دەدرێن.
شۆڕش ئیسماعیل: تەواوە، بەڵام تۆ لە هەنگاوی یەکەمەوە دەست پێ دەکەیت. هەنگاوی یەکەمیش ئەوە نییە کە گومەزێکی پۆڵایین بەسەر هەرێمی کوردستان یان عێراقدا دروست بکەیت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە تۆ لەسەرەتاوە دەست پێ بکەیت، ئێستا باوی لەشکری زۆر و دەبابە و تانک نەماوە، زیاتر پەیوەستە بە تەکنەلۆژیاوە. دڵنیام وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی زۆری هەیە لەو رووەوە خۆی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات.
رووداو: قسەیەک هەیە کە لەم کابینە تازەیەی حکومەتی عێراق، پارێزگاریکردنی کێڵگە نەوتییەکانی هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە لەلایەن سوپاوە بێت، تا چەند ئەمە دروستە؟
شۆڕش ئیسماعیل: من نازانم لە شوێنێکی فەرمی وا هاتبێت. دەبێت هەموو ئەم قسە و هەنگاوانە، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە و دەبێت لە رووی دامەزراوە دیموکراتییەکانەوە بەهێز بێت. بەهێزبوونی دامەزراوە دیموکراتییەکان ئەم عەقڵییەتە ناوەندگەراییە فڕێ دەداتە دەرەوە و دەبێت هەموو ئەو شتانە بە دیالۆگ و گفتوگۆ بکرێت. من دڵنیام کابینەی نوێی عێراق بە سەرپەرشتیی بەڕێز زەیدی ئەگەر بابەتێکی وا بێتە پێشەوە، گفتوگۆی پێویستی لەسەر دەکەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. ئێستا ئەو هێزەی کە کۆرمۆر دەپارێزێت، کە ناوەندێکی ئابووری و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، بەرگریی فریاکەوتن بە چەند لیوایەک پاراستوویانە، ئەگەر ئەو هێزە لەوێ نەبووایە، دەستەی بچووکی داعش لەو ناوچەیە فراوانتر دەبوو، رەنگە زیانی قورسیشی لەو ناوچەیە بدایە، بەڵام هێزێکی پێشمەرگە لەوێیە پاراستنی ئەو کێڵگانە لە ئەستۆی ئەوە، بۆیە ئەو هێزە لەوێیە و ئەگەر قسەیەک لەو بارەیەوە هەبێت، دەبێت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا قسەی لەسەر بکرێت. ئەگینا ئەوەی هەیە هەر قسەیە.
رووداو: ئەو لیوا هاوبەشانەی بڕیار بوو لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا دروست بکرێن بە کوێ گەیشت؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەو 2 لیوا هاوبەشە دروست کراون و لە شوێنی خۆیانن. ئەوانەی کە نێردراون بۆ راهێنان لەسەر سیستەمی دژە درۆن بۆ پاراستنی کێڵگەکانی غازی وەک دانا گاز، لەو لیوا هاوبەشانە بوون.
رووداو: چەند لیوای هاوبەشمان هەیە؟
شۆڕش ئیسماعیل: 2 لیوا.
رووداو: زیاد ناکات؟
شۆڕش ئیسماعیل: دەبێت زیاد بکرێت، بەپێی پێویستی. ئێستا داعش بەشێوەیەکی دیکە بووە بە تۆڕێکی تیرۆریستیی فراوان و شانەی نووستووی هەیە. رەنگە بەرەنگاربوونەوەی داعش و بیری داعش رێگە و ژینگەی خۆی بوێت. رەنگە هەموومان لەسەر ئەوە قسە بکەین ئەو ژینگەیەی کە داعشی تێدا پەروەردە بوو، پێموایە هێشتا ماوە و ئایدۆلۆژیای داعش لەو ناوچانەدا بە شێوەیەکی دیکە هەیە و هەزاران پەیجیان لە سۆشیاڵ میدیا کردووەتەوە و چالاکن لە سۆشیالمیدیا.
رووداو: واتە تۆ پێت وایە بنکەی فکریی داعش هێشتا ماوە و ئەگەری چەکداری هەیە؟
شۆڕش ئیسماعیل: بەدڵنیاییەوە، چونکە ئەو ژینگەیەی کە تێیدا پێگەیشتوون ماوە، ئەگەر بەناوی داعشیش نەبێت بەڵام هەر ماوە. بۆیە دەبێت عێراق دامەزراوە دیموکراتییەکانی بەهێز بکات و سیستەمی دیموکراسی بەهێز بکات، ئەو مادانەی لە دەستووردا هەیە جێبەجێی بکات. ئەگەر دەستوور جێبەجێ بکرێت، عێراق ئەزموونێکی دەیان ساڵای هەیە لە کوشتن و شەڕ، هەموو تاکێکی عێراق داوای ئاسایش دەکات. ماددەی 140 وەک بۆمبێکی تەوقیتکراو لەو ناوچانەدا نامێنێتەوە. بۆیە من هەمیشە لەگەڵ ئەوە نیم عێراق لە رووی فڕۆکە و دەبابە و جەیشەوە بەهێز بێت، دەبێت عێراق لە رووی دامەزراوە دیموکراتییەکانەوە بەهێز بێت، بۆ ئەوەی لە ژێر چەتری ژینگەی عێراق هەموو تاکێک بەهرەمەند بێت. بۆیە ئەو ژینگەیە ئەگەر دروست بوو، من دڵنیام لە ژینگەیەکی وادا تیرۆر گەشە نەکات.
رووداو: ئێستا لە عێراق هەوڵەکان بۆ چەکدانان لەلایەن گرووپەکانەوە دەستی پێ کردووە. چەند گرووپێکێش نیازپاکی خۆیان نیشانداوە، چۆن دەڕواننە ئەم پڕۆسەیە؟ ئایا تێکەڵکردنی گرووپێک کە چەند ساڵە لایەنگری بۆ مەزهەب و مەرجەعییەت هەیە، بە سوپای عێراقەوە تۆزێک قورس نییە؟
شۆڕش ئیسماعیل: بێگومان هەنگاوێکی باشە، بەڵام پێش ئەوەی بچنە ناو سوپاوە، بە بڕوای من دەبێت ئامادە بکرێنەوە بۆ ئەوەی بەبیرێکی میانڕەوترەوە بچنە ناو سوپاوە، ئەمە ئەرکی حکومەتە، دەبێت ئەو هێزە بەم توورەییەوە تێکەڵ بە سوپا نەکرین، بەڵکو شوێنێک هەبێ بۆ شیاندنەوەی ئەو هێزانە، بۆ ئەوەی ئەو سوپایەی ئێستا دروست دەکرێت زۆر زۆر جیاوازتر بێت و بەشێک بێت لە چارەسەری ناکۆکییە سیاسییەکان. حەشدی شەعبی لە دۆخێکی تایبەتدا دروست بوو، دوای فەتوای مەرجەعییەتی باڵا دژی داعش و ئەرکەکەیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرد. حەشدی شەعبی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر زۆر جیاوازە. هێزی پێشمەرگە پێش دروستبوونی ئەم حکومەتە و سەدامیش هەبووە و بەرگریی لە مانەوەی کورد کردووە. هێزی پێشمەرگە میراتگری 100 ساڵ خەبات و قوربانیدانی خەڵکی کوردستانە. دۆخێکی تایبەت یان فەتوایەک دروستی نەکردووە. مێژوویەکی دوورودرێژ ئەو هێزەی دروستکردووە. دەستوور وەک هێزێکی شەرعی ناساندوویەتی و هەمیشە کۆڵەکەی ئەمن و ئاسایش بووە. پێشمەرگە بووەتە سیمبولێکی نێودەوڵەتی نەک تەنیا لەنێو عێراقدا. عێراق خۆشی قوناخێک ئەو سەرکردانە لە شاخ لەگەڵ پێشمەرگەدا خەباتیان کردووە و پێشمەرگە پاراستوونی، لەبەر ئەوە باسکردن لە پێشمەرگە شتێکی زیادەیە.
رووداو: لە یەک خولەکدا، ئەگەر پێم بڵێی دوایین هەوڵەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە بە کوێ گەیشت؟
شۆڕش ئیسماعیل: کارەکان بە شێوەیەکی سروشتی بەڕێوە دەچن. ئێمە هەموو ساڵێک 2 خشتە دەنێرین بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، هەم لە نەورۆزدا هەم لە مانگی 9. لەبەر ئەوە کە ئەوەی نەورۆز دەنێرین دواتر دێتەوە سەر ئەوەی ئەیلول پڕۆسەکە بەردەوامە و چوارچێوەی یاسایی و سروشتیی خۆی وەرگرتووە و ئەفسەران دڵنیا بن.
* ئەم هەڤپەیڤینە رۆژی یەکشەممە 7ی حوزەیرانی 2026 لە سلێمانی تۆمارکراوە.

