رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێ، دادگەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، سزای چوار ساڵ زیندانیکردن و پێبژاردنی 10 ملیۆن دیناری بۆ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی کەرخ دەرکردووە، ئەوەش بەهۆی وەرگرتنی بەرتیل.
وەک لە راگەیێندراوەکەی دەستەی دەستپاکیی عێراقدا هاتووە، ئەو سزایە دوای ئەوە هات کە سەلمێندرا ئەو کەسە داوای 50 هەزار دۆلاری لە سکاڵاکارێک کردووە، ئەوەش لە بەرامبەر داخستنی ئەو لێکۆڵینەوەیەی لەسەری پێکهێنرابوو و هێشتنەوەی لە پۆستی بەڕێوەبەری یەکێک لە قوتابخانەکان.
دادگەی تاوانەکان دوای وردبینی لە بەڵگەکان و وەرگرتنی دانپێدانان، گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە تۆمەتبارەکە تاوانبارە، بۆیە سزاکەی بۆ دەرکردووە.
لە کۆتایی مانگی ئاداردا دەستەی دەستپاکیی عێراق دەستگیرکردنی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی راگەیاند، دوای ئەوەی تیمەکانیان توانیان یەکێک لەو کەسانە دەستگیربکەن کە بڕێک لە 50 هەزارەکەی پێبووە بۆ ئەوەی رادەستی بکات.


