رووداو دیجیتاڵ
نوورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو و خانەوادەی هەڵکەوت عەزیز دەکات و رایدەگەیێنێت، "کۆچی دوایی ئەو خەسارەتێکی گەورەیە و شوێنپەنجەی لە رۆژنامەگەریی کوردیدا دیارە."
لە پەیامەکەدا کە ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کراوە، پارێزگاری حەسەکە دەڵێت: "بە خەمێکی قووڵەوە سەرەخۆشیی خۆمان بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز دەردەبڕین کە لە رووداوێکی دڵتەزێندا گیانی لەدەستدا؛ ئەو رۆژنامەنووسەی لە کارەکانیدا خاوەن شێواز و شوێنپەنجەیەکی دیار بوو و بە ماندووبوونی خۆی خزمەتێکی زۆری بە رۆژنامەگەریی کوردی کردووە."
نوورەدین ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کردووە، هەوڵ و کۆششەکانی هەڵکەوت عەزیز بۆ گەیاندنی راستییەکان لە یادەوەرییەکاندا دەمێننەوە و کارەکانى هەمیشە بەرز دەنرخێنرێن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پارێزگاری حەسەکە هاوخەمیی خۆی بۆ خانەوادەی کۆچکردوو دەربڕیوە و دەڵێت: "سەرەخۆشی لە خانەوادە بەڕێزەکەیان دەکەین، لە خودای گەورە داواکارین رەحمەتی خۆی بەسەردا ببارێنێت و سەبووری و ئارامی بە کەسوکاری ببەخشێت. ئێمە لە خوداوە هاتووین و بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە."
هەڵكەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، رۆژی 8-6-2026 لەسەر رێگەی بەغدا - بەسرە بە رووداوێکی هاتووچۆ گیانی لە دەستدا. ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک تەرمەکەی بە خاکدەسپێردرێت و هەر لەوێش پرسەی بۆ دادەنرێت.



.jpg&w=3840&q=75)