رووداو دیجیتاڵ
بنەماڵەی رۆژنامەنووسی بێسەروشوێنکراوی تۆڕی میدیایی رووداو، فەرهاد حەمۆ، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچیدوایی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا بڵاودەکەنەوە و رایدەگەیێنن، "ئەو هاوکار و هاوپیشەی ڕێگەی وشەی ئازاد بوو."
لە پەیامەکەدا کە لە شاری قامشلۆوە ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کراوە، هاتووە: "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، بنەماڵەی رۆژنامەنووسی بێسەروشوێن فەرهاد حەمۆ، هەواڵی کۆچی دوایی رۆژنامەنووسی ئازیز و هاوپیشەی ڕێگەی وشەی ئازادیان پێگەیشت، کە بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆی دڵتەزێن گیانی لەدەستدا."
بنەماڵەی فەرهاد حەمۆ پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو، خانەوادەی کۆچکردوو و سەرجەم هاوڕێ و هاوپیشەکانی دەکەن و دەڵێن: "کۆچی دوایی رۆژنامەنووسێک کە ژیانی خۆی بۆ گەیاندنی راستی و خزمەتی کۆمەڵگە تەرخان کردبێت، خەسارەتێکی ئازاربەخشە بۆ تەواوی خێزانی راگەیاندن."
لە کۆتایی پەیامەکەدا هاتووە: "بە دڵێکی پڕ لە ئازارەوە هاوبەشی ئەم کۆستە گەورەیەین؛ لە خودا داواکارین کۆچکردوو بە رەحمەتی خۆی شاد بکات و سەبووری و ئارامی بە بنەماڵە و خۆشەویستانی ببەخشێت."
هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە بەغدا، رۆژی دووشەممە 8ی حوزەیرانی 2026، لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی رۆژنامەوانی، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لەسەر ڕێگەی نێوان بەغدا و بەسرە گیانی لەدەستدا و ئەمڕۆ تەرمەکەی لە گۆڕستانی رەحیماوا بە خاکسپێردرا.
فەرهاد حەمۆ، پەیامنێری رووداو لە 15-12-2014 لەکاتی ئامادەکردنی راپۆرتێک لە رێگەی سەرەكی نێوان قامشلۆ - تل كۆچەر لەگەڵ کامێرامانەکەی مەسعود عەقیل لەلایەن هێزەکانی دەوڵەتی ئیسلامی دەستگیركران. مەسعود عەقیل رۆژی 21ی ئەیلوولی 2015 ئازادكرا، بەڵام فەرهاد حەمۆ تائێستا بێسەروشوێنە.
فەرهاد حەمۆ، لە 10ی ئەیلوولی 1989 لەدایكبووە، ماوەیەك پێش دەستگیركردنەكەی ژیانی هاوژینی پێكهێنابوو.
فەرهاد حەمۆ پێش كاركردنی لە رووداو، لەگەڵ چەند دەزگایەكی ناوخۆیی رۆژئاوای كوردستاندا كاری كردبوو.



.jpg&w=3840&q=75)