رووداو دیجیتاڵ
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە 41ـەمین ساڵیادی بۆردوومانکردنی ئۆردوگای زێوە لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، رایگەیاند، "ئەو کارەساتە لاپەڕەیەکی دیکەی کارنامەی رەشی رژێم بوو، بەڵام نەک هەر ئیرادەی کوردی نەشکاند، بەڵکو مکوڕتری کردن لەسەر خەبات."
لە رۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و لە 9ـی حوزەیرانی 1985 فڕۆکەکانی رژێمی پێشووی عێراق ئۆردوگای پەنابەرانی زێوەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆردوومان کرد.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی حوزەیرانی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی کارەساتی زێوە ئاماژەی بەوە کرد: "لەو پەلامارە نامرۆڤانەیەدا سەدان ژن، منداڵ، پیر و گەنجی بێتاوان شەهید و بریندار بوون."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی ئەو رۆژە وەک یەکێک لە خەمناکترین رۆژەکانی ژیانی خۆی وەسف دەکات و دەڵێت: "ناڵە و شیوەنی دایکان و جەستەی سووتاو و لەتلەتکراوی شەهیدان و بریندارانی زێوە، دڵ و دەروونی هەر خاوەنویژدانێکی دەهەژاند."
سەبارەت بە ئامانجی پشت ئەو هێرشانە، سەرۆک بارزانی دووپاتی کردەوە کە مەبەستی رژێم لەو کۆمەڵکوژییە "شکاندنی ئیرادەی پەنابەران، پێشمەرگە و خەباتگێڕانی کوردستان بوو،" بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەنجامەکە پێچەوانە بووەوە و ئیرادەی گەلی کوردستانی بۆ درێژەدان بە خەبات دژی ستەمکاران بەهێزتر کرد.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک مەسعود بارزانی باس لەوە دەکات، سەرەنجام "سەرشۆڕی و شکست بۆ تاوانکاران مایەوە و سەربەرزی و سەرکەوتنیش بۆ گەلی کوردستان."



.jpg&w=3840&q=75)