رووداو دیجیتاڵ
مەلا بەختیار، سیاسەتمەدار و نووسەری کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێ، مەشخەڵی هەواڵی راستگۆیانەی پایتەختەکان لە دەستی هەڵکەوت عەزیز بۆ هەمیشە کوژایەوە.
مەلا بەختیار لە پەیامەکەیدا وەسفی هەڵکەوت عەزیز دەکات و دەڵێ: "هەڵکەوت عەزیز، هەواڵنێری پیشەگەری بواری راگەیاندن و یەکێک لە سیما گەشەکانی میدیای کوردستانی، بە رێکەوتێکی نەفرەتی، گیانی بەرزەفڕی رۆژنامەگەری بەخشییە ئازادی و ئەزموونی سەنگینی جیهانی میدیایی کوردی."
مەلا بەختیار ئاماژە بە کاریگەری ئەم لەدەستدانە دەکات و دەڵێ: "چەند مایەی پەژارەیە، بە رێکەوتێکی چاوەڕواننەکراو، مەشخەڵی هەواڵی راستگۆیانەی پایتەختەکان، لە دەستی هەڵکەوت عەزیز بۆ هەمیشە دەکوژێتەوە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، مەلا بەختیار خەمباری قووڵی خۆی دەردەبڕێ و ئاماژە دەکات:" دڵتەنگین بەم کارەساتە و بەم داچۆڕانەی ئەستێرەیەکی دیاری رۆژنامەگەری.. هەڵکەوتی جوانەمەرگ، فرمێسک دەپرژێنمە سەر کێلە تازە بڵند کراوەکەت، لە گۆڕستانە خەمبارەکەی کەرکووک."
دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا - بەسرە تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو، دوا نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8-6-2026 هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
دەقی پەیامەکەی مەلا بەختیار:
هەڵکەوت؛ کارەساتی بۆ هەڵکەوت
هەڵکەوت عەزیز، هەواڵنێری پیشەگەری بواری راگەیاندن و یەکێک لە سیما گەشەکانی میدیای کوردستانی، بە رێکەوتێکی نەفرەتی، گیانی بەرزەفڕی رۆژنامەگەری، بەخشییە ئازادی و ئەزمونی سەنگینی جیهانی میدیایی کوردی.
چەند مایەی پەژارەیە، بە رێکەوتێکی چاوەڕواننەکراو، مەشخەڵی هەواڵی راستگۆیانەی پایتەختەکان، لە دەستی هەڵکەوت عەزیز، بۆ هەمیشە دەکوژێتەوە.
دڵتەنگین بەم کارەساتە و بەم داچۆڕانەی ئەستێرەیەکی دیاری رۆژنامەگەری.. هەڵکەوتی جوانەمەرگ، فرمێسک دەپرژێنمە سەر کێلە تازە بڵند کراوەکەت، لە گۆڕستانە خەمبارەکەی کەرکوکدا.
مەلا بەختیار
.png&w=3840&q=75)

.png&w=3840&q=75)
