رووداو دیجیتاڵ
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لاناز، کە کچی کوردۆی شاعیر و لە هەمانکاتدا میدیاکار بوو، بەهۆی رووداوی هاتووچۆ لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.
رۆژی سێشەممە، 9ی حوزەیرانی 2026، بەهمەن عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێک لە ژێر پردی نزیک لە نەخۆشخانەی شار تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو و بەهۆیەوە شۆفێرەکە گیانی لەدەستدا.
لە ژێر پردەکەدا ئۆتۆمبێلەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و شۆفێرەکە نەیتوانیوە کۆنترۆڵی بکات، بەهۆیەوە خۆی کێشاوە بە پایەیەکی پردەکە و گیانی لەدەستداوە.
ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوت، "شۆفێرەکە ناوی لانازە، تەمەنی 22 ساڵە و کچی کوردۆی شاعیرە."
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی گوتیشی، "رووداوەکە نزیک کاژێر 05:00ی بەرەبەیانی بووە."
رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان بە رووداوی راگەیاند، لاناز "ماوەیەکی کەم" لە هەندێک میدیای دیجیتاڵی دا وەک پەیامنێر کاری کردووە و دواتر وازی لە کارەکەی لێهێناوە.



.jpg&w=3840&q=75)