رووداو دیجیتاڵ
تۆماس مونیێی بەرگریکاری بەلجیکی، لەماوەی رابردوودا بەلێدوانێک سەرنجی خستە سەر خاڵێکی زۆر گرنگ، لەبارەی دۆخی هەڵبژاردەی فەرەنساوە. ئەو گوتی، فەرەنسا بەشی ئەوە یاریزانی بەهرەمەندی هەیە، کە سێ هەڵبژاردەیان لێ دروست بکات و لە هەر پاڵەوانێتییەک، بە مۆندیالیشەوە رکابەریی لەسەر نازناوەکە بکات.
ئەو لێدوانە، ئەوکات بەتەواوی راستییەکەی روون دەبێتەوە کە زانیمان بەهای ئەو یاریزانانەی لە پێکهاتەی فەرەنسا بۆ مۆندیالی 2026 دوورخراونەتەوە، 418 ملیۆن یۆرۆیە بەوەش هەر یاریزانێکی دوورخراوە لە پێکهاتەکە، بەهاکەی زیاترە لە 38 ملیۆن یۆرۆ.
ملیۆنان یۆرۆ و پێکهاتەیەکی دوورخراوە
ئەو پێکهاتە گرانبەهایەی کە دیدێ دیشام بانگهێشتی لیستی فەرەنسای نەکردوون بۆ مۆندیال، لە رووی بەهای یاریزانانەوە لە بازاڕی گواستنەوە، لە پێکهاتەی هەڵبژاردە گەورەکانی وەک پۆرتوگال، بەرازیل، هۆڵەندا و ئەرجەنتین لە پاڵەوانێتییەکەدا، گرانترن.
هەندێک لە یاریزانە دوورخراوەکانی پێکهاتەکە بریتین لە، لوکاس شوڤالێ کە بەهاکەی 30 ملیۆن یۆرۆیە.
لینی یۆرۆ کە مانچێستەر یونایتد بە 50 ملیۆن یۆرۆیە.
پیێر کالولۆ کە بەهاکەی 32 ملیۆن یۆرۆیە.
ئادریان تروفێر کە بەهاکەی 25 ملیۆن یۆرۆیە.
ئێدواردۆ کاماڤینگا کە بەهاکەی 50 ملیۆن یۆرۆیە.
بوبەکر کامارا کە بەهاکەی 40 ملیۆن یۆرۆیە.
جێفرین تورام کە بەهاکەی 40 ملیۆن یۆرۆیە.
سینی مایولۆ کە بەهاکەی 40 ملیۆن یۆرۆیە.
هەروەها جۆنیۆر کرۆبی 40 ملیۆن یۆرۆ، موسا دیابێ 28 ملیۆن یۆرۆ و دیلانی باکوا 28 ملیۆن یۆرۆ.
پرسیارەکە ئەوەیە، فەرەنسا چۆن لە وڵاتێکەوە کە لە سییەکان تاوەکو حەفتاکانی سەدەی رابردوو، کێشەی زۆری لە درستبوونی یاریزان و سەرهەڵدانی بەهرەمەنددا هەبوو، ئێستا ئەو هێزە گەورەیەی لە تۆپی پێی جیهاندا هەیە.
کەم یانەی گەورەی ئێستای ئەورووپا هەیە، لانیکەم یاریزانێک و دووان و سیانی فەرەسیی لە ریزەکانیدا یاریی نەکەن.
شۆڕشی داڕشتنەوەی پێکهاتەکە
چیرۆکی خۆڕێکخستنەوەی فەرەنسییەکان لە نێو منداڵدانی گرفتەکانەوە لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا سەریهەڵدا. ئەوکات فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، لەسەردەمی راهێنەرایەتی جۆرج بۆلۆن، بڕیاریدا ئەکادیمیای نیشتیمانیی تایبەتمەند بە پێگەیاندنی یاریزانان بەناوی 'سەنتەری مەشق' دروست بکات.
فرانک پینتۆلێلا، بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتمانیی تۆپی پێ 'کلیرفۆنتین' لەبارەی ئەو هەنگاوەوە دەڵێ، "فەرەنسا هیچ نازناوێکی نەدەبردەوە، هەربۆیە پەنابرایە بەر داڕشتنەوەی پەیکەری نوێ". ئەوە پڕۆژەیەک بوو، پشتگیریی راستەوخۆی حکومەتی بەدەستهێنا، چونکە وایدانا ئەوە رێگایەکە بۆ پتەوکردنی بەها فەرەنسییەکان و بەدەستهێنانی سەروەرییەکان.
پڕۆژەکە 16 سەنتەری جیاوازی لە خۆ گرتبوو، یەکەم سەنتەر لە شاری ڤیچی کرایەوە و سەنتەرەکە، ئیدی بووە رووگەی سەرنجڕاکێشانی بەهرەمەندەکان لەسەرانسەری هەرێم و ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکەوە، ئەوەش بنەمای سیستمی پیشەگەریی تووندی وڵاتەکە بوو.
سەرەتا لە پلاتینییەوە
لەسەرەتادا ئەنجامەکان جیاوازبوون، نەوەی هەشتەکان بەپێشەوایەتی میشێل پلاتینی، ئالان جێریس و جان تیگانا، سەرکەوتووبوون لە بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆ و ئۆڵۆمپیادی 1984 و گەیشتنە نیوەی کۆتایی مۆندیال دووجار، بەڵام هەمان ئەو سیستمە شکستی هێنا لەسەرکەوتن بۆ مۆندیالەکانی 1990 و 1994.
خاڵی مێژوویی وەرچەرخان، لە مۆندیالی 1998 روویدا، کاتێک هەڵبژاردەکە بەپێشەوایەتی زینەدین زیدان، یەکەم نازناوی مۆندیالی بەدەستهێنا لەسەر خاکی خۆی. ئەو تیپە فرەرەگەزە، تەنیا رەنگدانەوەی گۆڕانکاریی پێکهاتەی کۆمەڵگای فەرەنسا نەبوو بەتەنیا، بەڵکو ئەوە سەرەتای راگەیاندنی سەرکەوتنی سیستمی ئەکادیمیاکانی وڵاتەکە بوو.
بێرنارد لاما، گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەکە دەڵێ، جیاوازیی نێوان هەردوو نەوە ئەوەیە کە نەوەی 1998 هەموو یاریزانەکانی، دەرچووی ئەکادیمیاکان بوون و برسێتیی گەورەیان بۆ بردنەوە هەبوو، ئەوە جیا لە بەهرەیەکی تایبەتی وەک زینەدین زیدان.
ئەو سەرکەوتنە دواتر درێژەی کێشا لە بەدەستهێنانی نازناوی 2018 و گەیشتنە یاریی کۆتایی هەردوو مۆندیالی 2006 و 2022.
نهێنییە گەورەکە
بێرنارد لاما، پێیوایە کە گەشانەوەی فەرەنسا دەگەڕێتەوە بۆ تێکەڵەی نێوان تایبەتمەندیی تاکتیکی لە هێڵی ناوەڕاست، هەروەها بەشداریی کاریگەری کۆچبەران، چونکە نەوەی ئێستای هەڵبژاردەکە لە شێوەی یاریزانانی وەک دێمبێلێ، دۆیێ و ئێمباپێ، ئەو فەرەنسییانە کە لە فەرەنسا گەورەبوون، بەڕوونی لە ناوچە جیاوازەکانی پاریس، هەربۆیە پاڵنەر و حەزێکی گەورەی رکابەریییان هەیە و شکست رەتدەکەنەوە.
لاما پێیوایە کە فەرەنسا شتێکی تایبەتی هەیە، ئەویش پاراستنی یاریزانانە لە بوون بە ماشێن و دەستکرد. چونکە بوونی یاریزانانی بەهرەمەندی وەک مێگنیس ئاکیلۆش و رەیان شەرقی، بەهرە سرووشتییەکە بەزیندوویی دەهێڵێتەوە و جیاوازییە گەورەکە لە رووی تاکتیک و توانای جەستەییەوە دروستدەکات.
سیستمێکی کاری بەرچاو
ستیڤان نادۆ، کە بەهرەدۆزەرەوەیەکی گەورەی فەرەنسییە روونیدەکاتەوە کە نهێنییەکە لە رێکخستنی بەکۆمەڵی پڕۆژەکەدایە لە چواردوەری یاریزان وەک مرۆڤێک. چونکە ئەوان فێردەبن، بەبێئەوەی لە خێزان و کەسوکاریان دووربخرێنەوە، ئەوەش بۆئەوەی سەقامگیریی دەروونییان لەدەستنەدەن و هەر ئەوەش نهێنیی باڵادەستبوونی فەرەنسایە لە بەرهەمهێنانی یاریزاناندا.
ئەو دەڵێ لە ئەکادیمیای کلیرفۆنتین، بەهرەی سەر شەقامەکان کۆدەکرێنەوە و لە رێگەی مەشقی وردی لە شێوەی راوەستان لە حاڵەتی کۆنترۆڵی پێنج بەرامبەر دوو، گەشەیان پێدەدرێت، تاوەکو منداڵەکە بزانێت چۆن کۆنتڕۆڵی تۆپ دەکات و یاریی رێکدەخات.
پسپۆڕان پێیانوایە، لە دوای ساوپاولۆوە، پاریس دووەم گەورەترین ناوچەی جیهانە لە رووی بەرهەمهێنانی بەهرەمەندی گەورەوە.
لە کوچە و کۆڵانەکانی پاریسدا، یانەی ئارەزوومەندان هەن کە ناسراونین، ئەوان پشتگیریی منداڵان دەکەن لە رووی وەرزشی و خوێندنەوە و کارەکە لە تەمەنی هەشت ساڵییەوە دەستپێدەکات.
ئەوان لەسەر شەقامەکان یارییدەکەن، لە گۆڕەپانە خراپەکاندا وەک سەرباز دەجەنگن و رۆژانە دۆخی جیاوازی وەک گوشاری بەرز تاقیدەکەنەوە، کە وایان لێدەکات بتوانن رووبەڕووی تیپی ئەکادیمیا گەورەکانی وەک بارسێلۆنا بوەستنەوە.

