رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی تاوتوێی ئەنجامدانی گۆڕانکارییەکی بەرفراوان لە پێکهاتەکەیدا دەکات لە ماوەی بازاڕی گواستنەوەی هاوینەدا، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ راگرتنی هاوسەنگی دارایی و دابینکردنی بودجەی گرێبەستە نوێیەکان پێش دەستپێکردنی وەرزی داهاتوو.
ئارسیناڵ دەیەوێت پارێزگاری لەو ئاستە بەرزە بکات کە لە وەرزی رابردوودا پێشکەشی کرد، دوای ئەوەی نازناوی خولی نایابی ئینگلیزی 'پریمەرلیگ'ـی بردەوە، بەڵام یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەرامبەر پاریس سانجێرمان دۆڕاند.
میکێل ئارتێتای راهێنەر بەشێوەیەکی راستەوخۆ کار لەسەر پلانی وەرزی نوێ دەکات، کە تێیدا یانەکە ئامانجییەتی گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی ناوەند، هێرشبەرێک و بەرگریکارێکی باڵ واژۆ بکات. بەدیهێنانی ئەمەش بەندە بە توانای یانەکە بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی زیادە لە رێگەی فرۆشتنی چەند یاریزانێکەوە.
7 یاریزان بۆ فرۆشتن
بەگوێرەی تۆڕی بی بی سی، کارگێڕیی ئارسیناڵ ئامادەیە گوێ لەو دەستەوارانە بگرێت کە بۆ 7 یاریزان لە ماوەی گواستنەوەی ئێستاپێشکەش دەکرێن، ئەوانیش بریتین لە: گابریێل جیسۆس، گابریێل مارتینێلی، ئیسان نوانێری، کریستیان نۆرگارد، بێن وایت، فابیۆ ڤیێرا و ریس نێڵسۆن.
ئەم ئاراستەیە دوای ئەو خەرجییە زۆرانە دێت کە یانەکە لە وەرزەکانی دواییدا ئەنجامی داون، لەگەڵ نوێکردنەوەی گرێبەستی چەند یاریزانێک و دابەشکردنی پاداشتی دارایی پەیوەست بەو سەرکەوتنانەی تیپەکە لە خولی ئینگلیزیدا بەدەستیهێناون.
لە هێڵی پێشەوەدا، ئارسیناڵ چەند ناوێکی خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، دیارترینیان بریتین لە مۆرگان رۆجەرز لە ئاستۆن ڤێلا، ئیلی جونیۆر کرۆپی لە بۆرنمۆس، و جولیان ئەلڤارێز لە ئاتلێتیکۆ مەدرید. خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی رۆجەرز و کرۆپی لە 80 ملیۆن پاوەند زیاترە بۆ هەر یەکێکیان، لە کاتێکدا ئەو نرخەی بۆ دەستبەرداربوون لە ئەلڤارێز داوا دەکرێت لە 120 ملیۆن پاوەند زیاترە.
فرۆشتنی هەندێک لە هێرشبەرەکان لەوانەیە رێگە خۆش بکات بۆ تەواوکردنی هەر گرێبەستێکی نوێی هێرشبەری، بەتایبەت کە یانەکە ئامادەیە تاوتوێی دەستەوارەکانی جیسۆس و مارتینێلی بکات، لەکاتێکدا تەنیا 12 مانگ لە گرێبەستەکەی لیاندرۆ ترۆسارد ماوە.
هەروەها داهاتووی ئیسان نوانێری کە لە ماوەی خواستن لە مارسیلیا گەڕاوەتەوە، نادیارە و کارگێڕیی یانەکە بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە، کە ئەمەش داهاتێکی تەواو بۆ یانەکە دابین دەکات، چونکە یەکێکە لە دەرچووانی ئەکادیمیای یانەکە.
لە بەرامبەردا، ئارسیناڵ ئامادەیە گوێ لە دەستەوارەکان بۆ نۆرگارد و بێن وایت بگرێت، لەکاتێکدا ئەگەری هەیە فابیۆ ڤیێرا و ریس نێڵسۆن لەم مێرکاتۆیەدا بڕۆن. پێشتریش یانەکە فرۆشتنی یاکوب کیویۆری بە یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی بەبڕی 14.7 ملیۆن پاوەند کۆتایی پێهێنابوو.
بژاردەی هێڕشبەر
یانەکە بەردەوامە لە گەڕان بەدوای بژاردە هێرشبەرییەکاندا؛ مۆرگان رۆجەرز بایەخێکی راستەقینەی ئارسیناڵی لەسەرە بەهۆی توانای یاریکردنی لە زیاتر لە پێگەیەکدا، سەرەڕای هەبوونی کێبڕکێی مانچێستەر یونایتد بۆ گواستنەوەی. هەروەها چاودێری کرۆپی تەمەن 19 ساڵان دەکەن، کە لە یەکەم وەرزیدا 13 گۆڵی لە پرێمەرلیگدا تۆمارکردووە.
بەڵام 'گرێبەستە خەونەکە' بۆ ئارسیناڵ هەر جۆلیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینییە، سەرەڕای ئەو بایەخە بەهێزەی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی ئەو هێرشبەرەی تانگۆ نیشانی دەدات.
بژاردەی بەرگری و ناوەڕاست
لە هێڵی ناوەڕاستدا، لەوانەیە حساباتەکان بگۆڕێن دوای پەرەسەندنی ئاستی مایڵز لویس سکیلی، کە لە کۆتایی وەرزی رابردوودا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد؛ ئەمەش وای لە کارگێڕیی گانەرز کردووە دووبارە بیر لە بیرۆکەی فرۆشتنی بکەنەوە. هەروەها باس لە ئەگەری گرێبەستکردن لەگەڵ ماتیۆس فێرناندێزی یاریزانی وێستهام دەکرێت.
سەبارەت بە بەرگریکاری باڵ، ئارسیناڵ بەردەوامە لە چاودێریکردنی تینو لیڤرامێنتۆی یاریزانی نیوکاسڵ. لەهەمانکاتدا یانەکە کاردەکات بۆ کۆتاییهێنان بە وردەکارییەکانی نوێکردنەوەی گرێبەستی یوریان تیمبەر و ئامادەکاریش دەکات بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ دێکلان رایس بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی.




