رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، بەفەرمی لیستی شوێنی مانەوە و مەشقەکانی هەر 48 هەڵبژاردە بەشداربووەکەی مۆندیالی 2026ـی راگەیاند.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی لیستی شوێنی مانەوەی هەڵبژاردەکانی بۆ مۆندیال بڵاوکردەوە کە بڕیارە بە هاوبەشی لەنێوان ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەبچێت، ئەمەش گەورەترین مۆندیال دەبێت لە مێژوودا. بەپێی راگەیێنراوەکە، 39 هەڵبژاردە لە ئەمریکا، 7 هەڵبژاردە لە مەکسیک و 2 هەڵبژاردەش لە کەنەدا جێگیر دەبن.
هەڵبژاردەی عێراق لە ناوچەی گرینبرایر لە ڤێرجینیای رۆژئاوا دەبێت، ناوەندێکی وەرزشیی مێژووییە، پێشتر لەلایەن تیپەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکی بەکارهاتووە و دوورە لە جەنجاڵی شار، ژینگەیەکی فێنک و گونجاوی بۆ مەشقەکان هەیە.
شاری کانساز سیتی دەبێتە چەقی سەرنجی میدیاکان، چونکە ئەرجەنتینی پاڵەوانی جیهان لە سەنتەری مەشقی سپۆرتینگ کەی سی جێگیر دەکرێت، ئینگلتەراش لە سووپ سۆکەر ڤیلەیج دەبێت، ناوچەیەکی سەوز و ئارام بۆ یاریزانان دابین دەکات.
میدیای مەکسیک ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی کێشەی ڤیزای ئەمریکاوە، هەڵبژاردەی ئێران لە شاری تیخوانای مەکسیک دەبێت. هەروەها هەڵبژاردەکانی وەک کۆڵۆمبیا، ئەفریقای باشوور و ئۆرۆگوای لە مەکسیک دەبن، ناوەندی مەشقی پاچوکا و سی ئەی ئار سوود لە بەرزیی ناوچەکە لە ئاستی دەریاوە دەبینن بۆ بەهێزکردنی توانای جەستەیی یاریزانان.
بەرازیل لە نیویۆرک و لە کۆڵۆمبیا پارک دەبێت، فەرەنسا لە زانکۆی بێنتلی لە بۆستن و ئەڵمانیاش لە زانکۆی وەیک فۆڕێست لە وینستن-سالێم جێگیر دەبن. ئیسپانیا لە قوتابخانەی بایلۆر لە چاتانوگا دەبێت و ژاپۆنیش لە شاری ناشڤێڵ ئامادەکاری دەکات. هەڵبژاردەکانی وەک ئوسترالیا و بەلجیکا سوود لە یاریگا و تاقیگە وەرزشییەکانی زانکۆکانی ستانفۆرد و یو سی سانتا باربارا دەبینن.
فیفا ئاماژەی بەوە کردووە، شوێنی مانەوەی تیپەکان بە جۆرێک دابەشکراون هەڵبژاردەکان کەمترین گەشت لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بکەن و دووربن لە گوشاری هاندەران و میدیاکان تاوەکو سەرنجی تەواویان لەسەر یارییەکان بێت.
مۆندیالی 2026 بۆ یەکەمجار بە بەشداری 48 هەڵبژاردە بەڕێوەدەچێت، فیفا دەیەوێت لەرێگەی دابینکردنی ئەم بنکە پێشکەوتووانەوە باشترین کەش بۆ یاریزانان و شاندی هەڵبژاردەکان برەخسێنێت.




