رووداودیجیتاڵ
یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق کۆتاییهات و یاریگاکان بێدەنگ بوون، بەڵام دوور لە لاکێشەی سەوز یانەکان ئەسپی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی باشترین یاریزانان تاوداوە و دەیانەوێت بۆ وەرزی داهاتوو باشترین تیپ دروست بکەن.
یانەی جەوییە نازناوی وەرزی رابردووی خولەکەی بردەوە، ئەوەی تایبەت بێت بە یانەکانی کوردستان، هەولێر باشترین و بەهێزترین بوو، کە بەسەرکردایەتی باسم قاسم توانی پلەی سێیەمی خولەکە وەربگرێت و لەگەڵ یانەی زەورا بەنوێنەرایەتی عێراق بەشداریی جامی یانەکانی کەنداوی عەرەب دەکەن.
مانەوەی باسم قاسم، وەک راهێنەری یانەی هەولێر پرسێکی گەرمە و دەستەی کارگێڕیی یانەکە و پارێزگاری پایتەختی کوردستان بەگەرمی لەسەر هێڵن لەگەڵ بۆ هێشتنەوەی جەنەراڵ.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دوای ئەوەی ملیارێک دیناری هێنایە نێو یانەکە بۆ ئەوەی شایستە دارایی و کارەکانی گرێبەست نوێکردنەوەی یاریزانانی یانەی هەولێر دەستپێبکەن، بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "باسم قاسم، کاتێک سەرەتا هاتە لامان باسی ئەوەی کرد کە پلەکانی شەش تا هەشتەم بەدەست بهێنین، بەڵام زیاتر لە کارەکەی خۆی پێشکەشکردین و ئێمە دەمانەوێت لەگەڵمان بەردەوام بێت و بە پاڵپشتی سەرۆک وەزیرانی کوردستان پاڵپشتی بەردەوامی یانەی هەولێر دەکەین".
دەستەی کارگێڕیی یانەی زەورا زیاتر لە هەفتەیەکە لە یەکێک لە هۆتێلەکانی هەولێر نیشتەجێن و هەوڵەکانیان بۆ واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ باسم قاسمی راهێنەر و هەریەک لە مایکۆڵ کابرێرا، کریستیان بارکۆی ئەرجەنتینی و ئاکۆ عوزێری ناوەڕاستکار چڕکردووەتەوە، لە شوێنی مانەوەیان لە نزیکەوە قسەیان لەگەڵ مایکۆڵ کابرێرا کرد.
باسم قاسم، دوای ئەوەی دوایین یاریی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بە بردنەوەیان لە یانەی ئەمانە بەغدا بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک تەواوکرد، هاتە بەردەم مایکی رووداو سپۆرتس روونیکردەوە "بڕیارە لەگەڵ دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر دانیشتتن بکەم و بڕیار لەسەر مانەوەی خۆم و یاریدەدەرەکانم بدەم".
دوێنێ شەو دوای تەواوبوونی یارییەکە باسم قاسم، راهێنەری یانەی هەولێر لەگەڵ ماڵباتەکەی لە رێستۆرانتی تودەی تەنیشت یاریگەی فرانسۆ هەریری نانی ئێوارەیان خوارد، دەستەی کارگێڕیی یانەکە چاوەڕوان بوون لەگەڵ قسە بکەن، بەڵام باسم قاسم پێڕاگەیاندن کە ماندووە و دەیەوێت سێ تا چوار رۆژ بگەڕێتەوە بەغدا و پشوو بدات، دواتر لەسەر مانەوەی لە یانەکە قسە بکەن.
سەفین یاسین، سەرۆکی یانەی هەولێر لەبارەی داهاتووی یانەکە و بەشدارییان لە جامی کەنداو بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرایکرد "وەرزی نوێ دەبێت باشترین تیپ و راهێنەرمان هەبێت، دەمەوێت دوای عێراق لە جامی کەنداو ململانێ بکەین و چاوم لە نازناوەکەیە".
لە ئەگەری ماڵئاوایی باسم قاسم لە یانەی هەولێر، ئەگەری هێنانی راهێنەرێکی دەرەوە لەسەر مێزی یانەی هەولێر هەیە، بەپێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس راهێنەرێکی میسری بەربژێری سەرەکییە.
یانەی دهۆک دەیەوێت قەرەبووی ئەنجامە خراپەکانی وەرزی رابردووی بکاتەوە، دوو رۆژە یەحیا گوڵ محەممەدی راهێنەری ناسراوی ئێرانی گەیشتووەتە شارەکە و بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێوەیەکی فەرمی سەردانی یاریگە و یانەی دهۆک بکات و قسە لەسەر واژۆکردنی گرێبەستەکەی لەگەڵ سەرۆکی یانەی ئالهوێین چیای بکات.
ئالهۆیین چیای لەگەڵ هێنانی راهێنەری پێشووی یانەی پێرسپۆلیسی ئێرانی، هەوڵەکانیان بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەک یاریزانی بەسەنگ چڕکردووەتەوە، مەحموود مەواس، رێوان ئەمین نزیکن لەوەی بە فەرمی گرێبەستەکانیان واژۆ بکەن.
هەرچی یانەی زاخۆیە هێشتا جوڵەی بۆ نوێکردنەوەی تیپەکەی نەکردووە، دوو رۆژە دەستەیەکی کارگێڕیی نوێ دەستبەکاربوون، چاوەڕوان دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا کوڕانی خابوور جوڵە بۆ نوێکردنەوەی تیپەکەی بکات.
یانەی نەورۆز بەسەرکردایەتی وەلی کەریمی راهێنەر گفتوگۆکانی لەگەڵ باشترین یاریزانانی خولەکە و چەند یاریزانێکی پیشەگەر دەستپێکردووە، نەورۆز دەیەوێت وەرزی داهاتوو لە پلەکانی پێشەوە بێت و بەشداریی پاڵەوانێتییەکی دەرەوە بکات.
یانەی گازی باکوور وەک نوێنەری شاری کەرکووک پێنجەم یانەی کوردستانییە بەشداری خولی ئەستێرەکانی عێراق دەکات، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لەگەڵ راهێنەرێکی سووری کۆبوونەوە بکەن و بە فەرمی دەست بکەن بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ راهێنەر و یاریزانان.




