رووداو دیجیتاڵ
بوولتەنی ئەمڕۆی وەرزش، کە رۆژانە کاژێر 13:30 لەلایەن سامان وڵاتژێرییەوە پێشکێشدەکرێت، بەشی زۆر تایبەت بوو بە بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان لەسەر ئاستی خولی ئەستێرەکانی عێراق و یانە کوردستانییەکان.
لە سەرەتای بوولتەنەکەدا گرێبەستی یەحیا گول محەممەدی، راهێنەری نێوداری ئێرانی لەگەڵ یانەی دهۆک پێشاندرا و وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی خرایەڕوو، بەتایبەت کە ئەو راهێنەرە چووەتە دهۆک و لەگەڵ عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکیش کۆبووەوە.
جگە لەوە پرۆفایلی راهێنەرەکە و زانیارییەکانی تایبەت بە کاروانی ئەو راهێنەرە پێشاندرا.
لە بوولتەنەکەدا باس لە گرێبەستێکی سەرنجڕاکێشی یانەی دهۆک کرا، کە بەپێی بەدواداچوونێکی رووداو سپۆرتس، یانەکە گرێبەستی لەگەڵ کومێل سەعدی واژۆکردووە، بۆ ئەوەی لە وەرزی نوێدا بەدرێسی دهۆکەوە یاریی بکات، بەڵام هەواڵە ناخۆشەکە بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە نزیکبوونەوەی پیتەر گۆرگیسە لە بەجێهێشتنی یانەکە.
لێدوانی نوێی هەردوو یاریزانی نوێی یانەی هەولێر، مایکۆڵ کابرێرا و کریستیان بارکۆ، لەبارەی ئەگەری مانەوە و رۆیشتنیان لە یانەکە پێشاندرا، هەردوو یاریزانەکە دەڵێن، یانەی هەولێر پەیوەندیی پێوە نەکردووین بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکانمان و نوێترین زانیارییان لەبارەی داهاتوویان لەگەڵ یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرتس ئاشکرا کرد.
