رووداو دیجیتاڵ
فرانچیسکۆ تۆتی، پاشای تۆپی پێی ئیتاڵیا و یەکێک لە باشترین ئەستێرەکانی مێژووی وڵاتەکە، تەواوی ژیانی پیشەگەری خۆی بۆ یانەی رۆما تەرخان کرد.
ئەو چەندین گرێبەستی گەورەی یانە زەبەلاحەکانی جیهانی رەتکردەوە. ئەو یەکێکە لەو کەمترین یاریزانانەی کە تەنیا بۆ یەک یانە یارییان کردووە لە تەواوی کاروانی وەرزشییاندا. هەروەها گۆڵکاری مێژوویی و خاوەنی زۆرترین بەشدارییە لە مێژووی یانەی رۆمادا.
تۆتی خولی ئیتاڵی و دوو جار جامی ئیتاڵیا و جامی سوپەری ئیتاڵیای بردەوە. ئەو دووەم باشترین گۆڵکاری مێژوویی خولی ئیتاڵییە بە تۆمارکردنی 250 گۆڵ و شەشەم گۆڵکاری مێژوویی وڵاتی ئیتاڵیایە بە 316 گۆڵ. لەم دێڕانەدا باس لە هەندێک نهێنی ژیانی تایبەتی ئەو پاشا ئیتاڵییە دەکەین:
پاشا لەنێو خێزانێکی چینی ناوەنددا گەورە بوو
تۆتی لە باوکێک بە ناوی ئینزۆ، کە فەرمانبەری بانک بوو و دایکێک بە ناوی فیۆریلا لەدایکبوو. لە خێزانێکی چینی ناوەند گەورە بوو، باوکی توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەی هەبوو، ئەمەش وایکرد تۆتی لە پاڵ وەرزشدا گرنگی بە خوێندنەکەشی بدات. دایکی خاوەنی بڕیارە گەورەکانی خێزانەکە بوو و دەگوترێت لە پشت هەموو بڕیارەکانی باوک و کوڕەکەشی بووە.
لە تەمەنی 9 مانگیدا هاوڕێی تۆپێکی لاستیکی بووە!
سەرەتای تۆتی وەک ئەفسانەکانی دیکە نەبوو کە تەنیا لە ئەکادیمیاکان فێری تۆپی پێ بێت، بەڵکو خولیایەکی خودیی بوو. کاتێک لە تەمەنی 9 مانگیدا یەکەم هەنگاوەکانی دەنا، خولیای تۆپێکی لاستیکی بوو و لە هەموو شوێنێک پێی لێدەدا. دایکی دەڵێت "فرانچیسکۆ هەرگیز تۆپی لەدەست نەدەدا، بەدەستێکییەوە نانی دەخوارد و ئاوی دەخواردەوە، تەنانەت کاتێک دەخەوت تۆپەکە هاوڕێی بوو تاوەکو بەیانی".
عەشقەکەی بۆ رۆما لە منداڵییەوە بوو
تۆتی منداڵییەکی جیاوازی هەبوو، لە تەمەنی چوار پێنج ساڵیدا ئاشقی یانەی رۆما بوو. زۆر دڵتەنگ دەبوو کاتێک نەدەکرا یارییەکانی یانەکەی لە تەلەڤزیۆنەوە ببینێت، بۆیە باوکی بڕیاری دا بیبات بۆ یاریگا. تۆتی دەڵێت "ئەو رۆژەی باوکم بردمی بۆ یاریگا هەرگیز بیرم ناچێتەوە، رەنگەکان و سروودەکانم بینی و هەستم بە عەشقی راستەقینەی ئەم تیپە کرد".
باوکی بەهرەکەی لە 'تۆپی پێی کەنار دەریا'ـدا دۆزییەوە
تۆتی لە گەڕەکی پۆرتا میترۆنیا لە رۆما لەدایکبوو. خولیای بۆ تۆپی پێ وایکرد باوکی هەوڵی پەرەپێدانی بەهرەکەی بدات. لە تەمەنی 5 ساڵیدا و لە کاتی پشووی هاوینە، باوکی بردی بۆ خولێکی تۆپی پێی سەر کەنار دەریا و داوای لە تیپەکان کرد رێگە بدەن فرانچیسکۆ بۆ چەند خولەکێک یاری بکات.
بەرپرسانی خولەکە بەهۆی بچووکی و لاوازیی جەستەیەوە رەتیان کردەوە
سەرەتا داواکەی باوکی رەتکرایەوە، چونکە تۆتی زۆر بچووک و لاواز دیاربوو، بەڵام دوای هەوڵێکی زۆری باوکی، رازی بوون. لەو رۆژەدا تۆتی هەمووانی سەرسام کرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد، یاریزانەکان نەیانهێشت بڕوات و داوایان لێکرد تاوەکو کۆتایی خولەکە لەگەڵیان بمێنێتەوە. بەم شێوەیە کاروانی تۆتی لە کەنار دەریاوە دەستی پێکرد.
پەیوەندی لەگەڵ ئیلاری بلازی
تۆتی لە ساڵی 2005ـەوە لەگەڵ خانمە پێشکەشکاری ناودار 'ئیلاری بلازی' هاوسەرگیری کردووە. ئەوان خاوەنی دوو منداڵن بە ناوەکانی 'کریستیان' و 'شانێل'. سەرەڕای هەندێک دەنگۆی خیانەت لەساڵی 2011، بەڵام پەیوەندییەکەیان بەردەوام بوو و تۆتی هەمیشە وەک هێمایەک بۆ وەفاداری ماوەتەوە، بەڵام دواجار هەر ئەوە روویدا کە کەس چاوەڕێی نەبوو، و جارێکی دیکە تۆتی هەستی کرد کە بلازی خیانەتی لێ دەکات و بەناچاری لێی جیابووەوە.
رەتکردنەوەی ریال مەدرید لەبەر خاتری رۆما
تۆتی ئاشکرای کرد کە چەندین جار هەلی بۆ رەخساوە بچێتە ریال مەدرید یان یانەکانی ئیمارات و ئەمریکا و پارەیەکی خەیاڵی بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەو نەیویستووە ئەو چیرۆکە عەشقە 25 ساڵییەی لەگەڵ رۆما هەیبوو تێکبدات. ئەو دەڵێت "بەدڵ و بەژیری بڕیارم دا لە رۆما بمێنمەوە و هەرگیز پەشیمان نیم".
کتێبی نوکتەکانی تۆتی
تۆتی لە ساڵی 2004 کتێبێکی بە ناوی 'هەموو نوکتەکان دەربارەی تۆتی' بڵاوکردەوە کە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و بوو بە سێیەم پڕفرۆشترین کتێب لە ئیتاڵیا. نیوەی داهاتەکەی بۆ پڕۆژەیەکی خێرخوازی لە رۆما تەرخان کرد و نیوەکەی دیکەی بۆ یارمەتیدانی منداڵانی سەر شەقام لە 'کۆنگۆ' لەڕێگەی رێکخراوی یونیسێفەوە نارد.
نازناو و دەستکەوتەکان
* کاروانی لاوان: لە ساڵی 1983 تاوەکو 1992 لە چەند یانەیەک و دواجار لە رۆما.
* کاروانی پیشەگەری: لە ساڵی 199 تاوەکو 2017 تەنیا لە رۆما.
نازناوە بەکۆمەڵەکان
* لەگەڵ رۆما: خولی ئیتاڵیا 2000-2001، جامی ئیتاڵیا (2 جار)، جامی سوپەری ئیتاڵیا (2 جار).
* لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا: جامی جیهانی 2006.
نازناوە تاکەکەسییەکان (گرنگترینیان):
* باشترین یاریزانی لاوی خولی ئیتاڵیا (1999).
* باشترین یاریزانی ساڵ لە خولی ئیتاڵیا (2000 و 2003).
* ناوی لە لیستی 125 باشترین یاریزانی زیندووی جیهاندایە.
* گۆڵکاری خولی ئیتاڵیا (2006-2007).
* پێڵاوی زێڕینی ئەورووپا (2006-2007).
* خەڵاتی پێی زێڕین (Golden Foot) لە ساڵی 2010.




