رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی سوپرایزێکی گەورەی تەقاندەوە، دوای ئەوەی ئاشکرای کرد کە ریال مەدرید لەو دۆسێیەی کە بەم دواییە بۆ یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا 'یوفا'ـی ناردووە، داوای سزای تووند دژی بارسێلۆنا دەکات لەسەر کێشەی نێگرێرا، کە گەیشتووەتە راددەی داواکردنی داماڵینی یانە کەتەلۆنییەکە لەو نازناوە ئەورووپییانەی لەو ماوەیەدا کە لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت بەدەستی هێناون.
بەپێی ئەوەی رۆژنامەی ئەی ئێس بڵاویکردووەتەوە، ئەو دۆسێیەی کە ریال مەدرید لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا ئامادەی کردووە، لە رێگەدایە بۆ بارەگای یوفا، لە هەنگاوێکدا کە نیشاندەری پەرەسەندنێکی نوێی یانە شاهانەکەیە دژی رکابەرە مێژووییەکەی.
راپۆرتەکە جەختی کردەوە کە داواکارییەکانی ریال مەدرید تەنیا بێبەشکردنی بارسێلۆنا نییە لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان، بەڵکو سڕینەوەی ئەو نازناوانەش دەگرێتەوە کە یانە کەتەلۆنییەکە لەو ساڵانەی پەیوەستن بە کێشەکەوە بەدەستی هێناون، بەئامانجی لادانی ئەو دەستکەوتانە لە تۆمارە فەرمییەکانی.
رۆژنامەی ئەی ئێس ئاماژەی بەوە کردووە کە کارگێڕیی فلۆرێنتینۆ پێرێز لە ماوەی رابردوودا جموجۆڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سەپاندنی سزای وەرزشی بەسەر بارسێلۆنادا، بەو پێیەی کێشەی نێگرێرا بە زیانگەیاندن بە پاکی و بێلایەنیی کێبڕکێکان دەبینێت.
رۆژنامەکە ئەوەشی زیاد کردووە کە پەیوەندی نێوان ریال مەدرید و یەکێتیی تۆپی پێی ئەورووپا لەم دواییانەدا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەهۆی بوونی هاوڕایی لە نێوان هەردوولا سەبارەت بە ژمارەیەک دۆسێیەی پەیوەندیدار بە داهاتووی تۆپی پێی ئەورووپا، کە لە سەرووی هەموویانەوە پاراستنی پاکی و بێلایەنیی پاڵەوانێتییەکانە.
هەروەها راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرۆکی یوفا، ئەلێکساندەر چێفرین، پێشتر لە ساڵی 2023 کێشەی نێگرێرای بە 'مەترسیدارترین کێشە کە لە تۆپی پێدا بینیویەتی' وەسف کردووە، ئەمەش گرنگییەکی تایبەت بەو دۆسێیە دەبەخشێت کە ئێستا لە ناو یوفادا هەیە.
رۆژنامەی ئەی ئێس لە کۆتایی راپۆرتەکەیدا جەختی کردەوە کە یوفا دۆسێیەکەی بەیەکجاری دانەخستووە، بەڵکو تەنیا هەندێک لە رێکارەکانی سڕکردووە تاوەکو چاوەڕێی پەرەسەندنەکانی رێڕەوی دادوەری لە ئیسپانیا بکات، لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئەو بڕیارە دەکەن کە یەکێتیی تۆپی پیی ئەورووپا سەبارەت بەو سکاڵایە دەیدات کە ریال مەدرید پێشکەشی کردووە.



.jpg&w=3840&q=75)
