رووداو دیجیتاڵ
لە سێیەم رۆژی گەشتەکەیدا بۆ ئیسپانیا، پاپا لیۆی چواردەیەم لەگەڵ سەرۆکی یانەی ریال مەدرید کۆبووەوە و درێسێکی یانەکەی پێشکەش کرا کە ناوی "رۆبێرت پرێڤۆست"ی لەسەر نووسرابوو.
هەزاران کەسی خۆشحاڵ لە شەقامەکاندا ریزیان بەستبوو کاتێک لیۆ کاتدراڵی "مریەمی پیرۆزی ئەلمودینا"ی بەجێهێشت بۆ ئەوەی بە ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەی پاپا (پۆپ مۆبیل) بگاتە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید پێشوازیی لە پاپا لیۆ کرد و بردییە مۆزەخانەی تایبەتی یانەکە و نازناوەکانی یانەکەی پیشانی پاپا دا پێش ئەوەی درێسە وەرزشییەکەی پێ ببەخشێت.
چەند رۆژێک پێشتر، لە کاتی قسەکردنی بۆ رۆژنامەڤانان لەناو فڕۆکەی پاپا پێش گەیشتنی بۆ مەدرید، لیۆ دووپاتی کردبووەوە کە لە مۆندیالی داهاتوودا هاندەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەبێت.
بەڵام کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا لایەنگری ریال مەدریدە یان بارسێلۆنا، رەنگی راستەقینەی خۆی وەک هاندەر دەرخست و گوتی: "ئەوە ئاسانە. پاپا بۆ هەموو تیپەکانە، بەڵام پرێڤۆست ریال مەدریدە".
لە کاتی پێشوازیکردنی لە پاپا لیۆی چواردەیەم، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید درێسێکی تایبەتی ریال مەدریدی بە ناوی خۆی و ژمارە یەکەوە پێشکێشی پاپا کرد.
پێشتر پێرێز، دوای ئەوەی سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنەکانی ریال مەدریددا بەدەستهێنا، دڵخۆشیی خۆی بە چوونی پاپا بۆ ئیسپانیا پێشاندا و گوتی "بەخێرهاتنی پاپا دەکەین و درێسی تایبەتی ریال مەدریدی پێشکێشدەکەم".
دوای پێشکێشکردنی درێسی ریال مەدرید بە پاپا، پاپا لیۆی چواردەیەم بە عارەبانەیەکی گۆڵف چووە نێو یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، لەوێ نزیکەی 80 هەزار کەس بە چەپڵەرێزان و هاوارکردن بەخێرهاتنیان کرد.
چوونی پاپا بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ و پێشوازیکردنی لەلایەن سەرۆکی یانەکەوە پێگەی ریال مەدرید لەسەر ئاستی جیهان زۆر زیاتر دەکات، بەتایبەت کە پاپا کەسایەتییەکی کاریگەر و جیهانییە.



