رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بەشێوەیەکی فەرمی، ناوبژیوانی یاریی کردنەوەی جامی جیهانیی 2026ـی دەستنیشانکرد.
فیفا لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا رایگەیاند، ویڵتۆن سامپایۆ، ناوبژیوانی بەرازیلی وەکو ناوبژیوانی یاریی نێوان مەکسیک و ئەفریقای باشوور دەستنیشانکرا و سەرۆکایەتیی دەستەیەکی ناوبژیوانیی سێ کەسی دەکات کە هەمووان بەرازیلین.
لەو یارییەدا کە رۆژی پێنجشەممە کاژێر 22:00 لە یاریگای مەکسیکۆ سیتی لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی یەکەمدا دەکرێت، هەریەکە لە برۆنۆ پیرێس و برۆنۆ بۆشیلیا، یاریدەدەری ناوبژیوان دەبن.
سامپایۆ پێشتریش لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا ناوبژیوانیی چەند یارییەکی کردووە، هەروەها بەشێک بووە لە تیمی ناوبژیوانی ڤیدیۆیی (VAR) لە مۆندیالی 2018ـی رووسیا کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو تەکنەلۆژیایە بەکارھێنرا.
فیفا ژمارەیەکی پێوانەیی لە ناوبژیوانان کۆکردووەتەوە کە پێکهاتوون لە 52 ناوبژیوانی سەرەکی و 88 یاریدەدەری ناوبژیوان بۆ پاڵەوانێتییە فراوانکراوەکەی کە 48 تیپ تێیدا بەشدارن، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رێگری لە هاتنە ناوەوەی یەک ناوبژیوان کردووە، ئەویش "عومەر عەبدولقادر ئارتان"ی سۆماڵییە، کە چاوەڕوان دەکرا ببێتە یەکەم ناوبژیوانی سۆماڵی لە مێژووی مۆندیالدا ناوبژیوانیی یارییەک بکات.
دەستنیشانکردنی ناوبژیوانان بۆ هەر یارییەک بە شێوەیەکی ئاسایی دوو بۆ سێ رۆژ پێش کاتی یارییەکە رادەگەیەنرێت.




