رووداو دیجیتاڵ
عومەر عەبدولقادر ئارتان، ناوبژیوانە نێودەوڵەتییەکەی سۆماڵ، دوای بێبەشکردنی لە بەشداریکردن لە بەڕێوەبردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026، بێدەنگیی شکاند و رایگەیاند، سەرەڕای بێئومێدییە گەورەکە، بەڵام ئەو هێشتا گەشبینە.
ئارتان کە بڕیاربوو ببێتە یەکەم ناوبژیوانی مێژووی سۆماڵ لە مۆندیالدا بەشداری بکات، دوای ئەوەی لەلایەن فەرمانگەی کۆچی ئەمریکاوە رێگەی پێنەدرا بچێتە نێو خاکی ئەو وڵاتە، لە راگەیێندراوێکدا کە لە رێگەی رۆژنامەی 'گڵۆبۆ سپۆرت'ـی بەرازیلییەوە بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت "سەرەڕای بارودۆخەکە، من گەشبینم و سەرنجم لەسەر ئاڵنگارییەکی داهاتووی ژیانی وەرزشیمە".
سوپاسی خێزانی تۆپی پێ دەکەم
ئەو ناوبژیوانە سۆماڵییە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە "دەمەوێ سوپاسی خێزانی تۆپی پێ بکەم بۆ پەیامەکانیان، هیوای سەرکەوتن بۆ هاوکارەکانم لە مۆندیال دەخوازم و هیوادارم لە داهاتوودا دیسان بیانبینمەوە، هەروەها سوپاسی فیفا و کاف دەکات بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان".
گەشتێکی بێ ئەنجام بەرەو مەیامی
چیرۆکی ئارتان کاتێک بووە باسی گەرمی میدیاکان کە بڕیاربوو کۆتایی هەفتەی رابردوو لە تورکیاوە بەرەو شاری مەیامی لە ئەمریکا بفڕێت بۆ ئەوەی پەیوەندی بە تیپی ناوبژیوانانی مۆندیالەوە بکات، بەڵام لە فڕۆکەخانە رێگری لێکرا. سەرەڕای ئەوەی ئارتان خاوەنی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بوو کە لە رێگەی باڵیۆزخانەی سۆماڵ لە نایرۆبی بۆی ئامادەکرابوو، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەمریکا پاسپۆرتەکەیان قبووڵ نەکرد و بەبێ ئاشکراکردنی هۆکارە راستەقینەکان، رێگەیان پێنەدا بچێتە ناو وڵاتەکەیان.
باشترین ناوبژیوانی ئەفریقا
عومەر ئارتانی تەمەن 34 ساڵ، یەکێکە لە درەوشاوەترین ناوبژیوانانی ئێستای کیشوەری ئەفریقا. ئەو لەساڵی 2025 یاریی کۆتایی خولی پاڵەوانەکانی ئەفریقای لەنێوان پیرامیدسی میسری و مامێلۆدی سەنداونزی باشووری ئەفریقا بەڕێوەبرد، هەر لەو ساڵەدا لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا CAF وەک باشترین ناوبژیوانی ساڵ هەڵبژێردرا.
فیفا: دەستوەردان لە کاروباری کۆچ و پاسپۆرت ناکەین
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ FIFA لە بڵاوکراوەیەکدا جەختی کردەوە کە ئارتان ناتوانێت بەشداری مۆندیال بکات. فیفا رایگەیاند "ئێمە دەستوەردان لە رێکارەکانی کۆچی وڵاتانی میواندار ناکەین، لەوانەش پێدانی ڤیزا. دەسەڵاتدارانی ئەمریکا پێیان راگەیاندووین کە دۆخی بەڕێز ئارتان ئێستا ناگۆڕێت".
کاردانەوەی تووند لە ئەفریقا
ئەم بڕیارەی ئەمریکا شەپۆلێکی تووڕەیی لە ناوەندە وەرزشییەکانی ئەفریقادا دروستکردووە. زۆر لە چاودێران ئەم کارە بە نادادپەروەری ناودەبەن. یەکێتیی تۆپی پێی ئەفریقا داوای روونکردنەوەی فەرمی لە واشنتن کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەمریکا هیچ زانیارییەکی فەرمی لەسەر هۆکاری رێگریکردن لەم ناوبژیوانە بڵاونەکردووەتەوە.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو، یارییەکانی مۆندیالی 2026 بە بەشداری 48 هەڵبژاردە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک دەستپێبکات، بەڵام ناوی عومەر ئارتان لە لیستی ناوبژیوانەکاندا نابێت.




