رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە مۆندیال لە مەکسیک دەستپێدەکات، بەڵام لە مەکسیکۆ سیتی خۆپێشاندانە و ئەمەش نیگەرانیی دروستکردووە.
مامۆستایان لە مەکسیکۆ سیتی شەقامە گشتییەکانی شارەکەیان وەکو ناڕەزایەتییەک داخست، لەکاتێکدا ئەو رێگایە دەچێتەوە سەر یاریگای ئازتێکا و دەستەڵاتی مەکسیکیش دەیەوێت رێگری لە خۆپێشاندانەکان بکات.
ئەم خۆپیشاندانانە گوشاری زیاتریان خستە سەر ئەو بەرپرسانەی ئامادەکاری بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە دەکەن، کە بڕیارە گەورەترین مۆندیال بێت کە تا ئێستا لەلایەن فیفا و وڵاتانی میواندار مەکسیک، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا رێکخرابێت.
خۆپیشاندانەکان لە کاتێکدا دێن کە مەکسیک رێکارە ئەمنییەکانی توندتر کردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە هەر توندوتیژییەک کە پەیوەندی بە تاوانی رێکخراوەوە هەبێت، هەروەها بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی گردبوونەوە جەماوەرییەکان لە کاتی مۆندیالدا.
لە ناوەندی مەکسیکۆ سیتی، پەرژینی کانزایی لە دەوری شوێنە بازرگانییەکان و باڵەخانە گشتییەکان دانراون، لە هەمان کاتدا پۆلیسی دژە ئاژاوە بۆ بەڕێوەبردن و کۆنترۆڵکردنی خۆپیشاندانەکان بڵاوەیان پێ کراوە.
مامۆستایان بەردەوامن لە خۆپیشاندان لە دەوروبەری گۆڕەپانی سەرەکی پایتەخت "زۆکالۆ"، کە بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە لە نزیک کۆشکی سەرۆکایەتی ڤیستیڤاڵێکی گەورەی هاندەران لەوێ دەست پێ بکات.
پێشبینیش دەکرێت پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، خۆپیشاندانی زیاتر لەلایەن سەندیکاکانی کرێکاران و کەسوکاری کەسانی بێسەروشوێن ئەنجام بدرێت.




