رووداو دیجیتاڵ
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی ریال مەدرید لەلایەن جوزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەری پێشووی یانەی شاهانەی لە کارکردن لە پرێمەرلیگ نزیک کردووەتەوە.
ئێستا یانەیەکی ئینگلیزی گفتوگۆ لەگەڵ ئەلڤارۆ ئەربێلوا دەکات بۆ ئەوەی ببێتە راهێنەری نوێی یانەکە لە وەرزی داهاتوودا.
بەپێی رۆژنامەی The Athletic یانەی فولهام گفتوگۆی لەگەڵ ئەلڤارۆ ئەربێلوادا کردووەتەوە سەبارەت بە پۆستی راهێنەرایەتی کە دوای رۆیشتنی مارکۆ سیلڤا چۆڵ بووە.
راهێنەرە ئیسپانییەکە، کە تەمەنی 43 ساڵە، دوای جێهێشتنی ریال مەدرید ئامادەیە و لەگەڵ بەرپرسانی فولهام کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری وەرگرتنی راهێنەرایەتی تیپەکە.
مارکۆ سیلڤا دوای 5 وەرزی سەرکەوتوو یانەی فولهامی جێهێشت بۆ ئەوەی لە جێگەی جوزێ مۆرینیۆ ببێتە راهێنەری یانەی بێنفیکای پۆرتوگالی.
لەهەمانکاتدا، مۆرینیۆ دەبێتە جێگرەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، کە لە 12ـی کانوونی دووەمی رابردوو لەجیاتی چابی ئەلۆنسۆ ببووە راهێنەری ریال مەدرید.
فولهام لە وەرزی کۆتایی پرێمەرلیگدا پلەی 11ـی بەدەستهێنا بەکۆکردنەوەی 52 خاڵ.




