رووداو دیجیتاڵ
مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات و بۆ یەکەمجار 48 هەڵبژاردە بەشداری لە پاڵەوانێتییەکەدا دەکەن.
ئەمشەو چاوەڕوانیی جیهان بۆ دەستپێکردنی گەورەترین پاڵەوانێتیی تۆپی پێ کۆتاییدێت، مۆندیالی 2026 دەستپێدەکات. لە مۆندیالی ئەمجارەدا بۆ یەکەمجار لە مێژوودا 48 هەڵبژاردە بەشداری دەکەن و بەسەر 12 کۆمەڵەدا دابەشکراون، لە هەر کۆمەڵەیەک چوار هەڵبژاردە هەن.
جیاواز لە مۆندیالەکانی رابردوو لە قۆناخی یەکەمدا یەکەم و دووەمی هەموو کۆمەڵەکان لەگەڵ چوار باشترین سێیەم دەگەنە قۆناخی دووەم و قۆناخی دووەم دەبێتە قۆناخی 32، لەو قۆناخەوە قۆناخی کرانە دەرەوە دەستپێدەکات و هەر تیپێک بدۆڕێت ماڵئاوایی لە مۆندیال دەکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداری مۆندیالن و ئەمجارە جامی جیهان لە سێ وڵاتی جیاواز بەڕێوەدەچێت، تاوەکو دەگەینە کۆتایی 104 یاری ئەنجامدەدرێن، 16 شاری جیاواز لە هەر سێ وڵات میوانداریی یارییەکان دەکەن و 1248 یاریزان دەیانەوێت نوێنەرایەتییەکی راستەقینە و شایەن بە وڵاتەکانیان بکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی جامە ئاڵتۆنییەکەی مۆندیال.
بە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی مەکسیک و ئەفریقای باشوور، مانگێکی پڕ لە رکابەری، هەیەجان و جموجوڵی وەرزشی لەسەر ئاستی هەموو جیهان دەستپێدەکات.
یارییەکە لە مەکسیکۆ سیتی لە یاریگای ئازتێکا بەڕێوەدەچێت، ئەم یاریگایە دەبێتە یەکەم یاریگای مێژوو سێ جار مۆندیال تێدا بەڕێوەچووبێت. پێش دەستپێکردنی یارییەکە نمایشێکی شکۆدار، پڕ لە رەنگ و دەنگ و پەیامی قوڵ دەستپێدەکات، ئەلیخاندرۆ فێرناندێز، بێلیندا، دانی ئۆوشن، جی باڵڤین، لیلا داونز، گرووسی لۆس ئانجلێس ئازولیس، گرووپی مانا و تیلا گۆرانی بۆ دەستپێکی مۆندیال دەچڕن.
مۆندیال لە مەکسیکۆ دەستپێدەکات و ئەوە دەبێتە یەکەم سەمفۆنیای نوتەکانی ئەو پاڵەوانێتییە چوار ساڵ جارێک جیهان چاوەڕێی دەکات، لە نیوجێرسی ئەمریکا لە 19-7 کۆتاییدێت و لە کۆتاییدا یەک هەڵبژاردە دەبێتە پاڵەوان و یەک کاپتن جامەکە بەرزدەکاتەوە.




