رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی رۆژی چوارەمی مۆندیال بەڕێوەدەچن، ئەمشەو لە یارییەکی لووتکەدا هۆڵەندا و ژاپۆن رووبەڕووی یەکدەبنەوە، بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی یەکەم سێ خاڵ لە مۆندیالدا.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا، بە تیپێکی بەهێزەوە لە ئەمریکایە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بکات لە مۆندیالدا.
هۆڵەندا، رۆژی شەممە لە کانساس سیتی دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یەکەم دەرکەوتنیان لە مۆندیالدا ئەنجامدا و بۆ رووبەڕوبوونەوەی هەڵبژاردەی ژاپۆن ئامادەن.
هەڵبژاردەکە لەژێر سەرپەرشتی رۆناڵد کۆمان، خاوەنی تیپێکی بەهێزە و وەکو یەکێک لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی ئێستای مۆندیال مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام ئەرکیان لە یارییەکەدا ئاسان نییە.
هۆڵەندا خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە، بە سەرکردایەتیی ڤیرجڵ ڤان دایک و فرێنکی دی یۆنگ، دەیانەوێت یەکەم یارییان بەبردنەوە و بەدەستهێنانی سێ خاڵ تەواو بکەن.
هۆڵەندا 12 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، سێ جار چووەتە یاریی کۆتایی کە دوایینیان لە مۆندیالی 2010 بوو، بەڵام هەرسێ یارییەکەی دۆڕاندووە و هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە.
هەردوو هەڵبژاردەی هۆڵەندا و ژاپۆن 3 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هۆڵەند دوو بردنەوەی هەیە و یارییەکەی دیکەیان بە یەکسانبوون تەواو بووە، لە مۆندیالی 2010 لە یەک کۆمەڵە بوون و هۆڵەندا 1-0 یارییەکەی بردەوە.
هەڵبژاردەی ژاپۆن، پێشەنگی جیهان بوو کاتێک گەیشتە یارییەکانی مۆندیالی 2026 و ئەمشەو یەکەم یاریی خۆی لە پاڵەوانێتییەکە ئەنجامدەدات.
ژاپۆن بە سەرکردایەتیی تاکیفوسا کوبۆ، لە پاڵاوتنەکاندا بە ئاستێکی نایابەوە دەرکەوت و لە 7 یاریی دۆستانەی رابردوودا هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.
پێش دەستپێکردنی مۆندیال هەڵبژاردەکە لە یاریی دۆستانەدا لە بەرازیل، ئینگلتەرا و سکۆتلاندی بردووەتەوە و بۆ یارییەکی بەهێز بەرامبەر هۆڵەندا ئامادەیە.
سامورای چەندین ساڵە لەژێر سەرپەرشتی هاجیمی موریاسۆ یاریی دەکات و شێوازێکی یارییکردنی تایبەت بە خۆی هەیە.
ژاپۆن ئێستا هەژدەیەم باشترین هەڵبژاردەی جیهانە، 8 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، چوار جار گەیشتووەتە قۆناخی شازدە، دووانیان لە دوو مۆندیالی رابردوو بووە.
دوو رۆژ پێش یارییەکە، واتارا ئیندۆ، ئەستێرەی ژاپۆن تووشی پێکانبوو و لە مۆندیال دوورخرایەوە، یاریزانەکە لە پەیامێکدا گوتی " ئەم تیپە بەراستی تایبەتە. گرنگ نییە چەندە رێگری و سەختی بێتە پێشمان، بڕوام وایە ئەوان دیمەنێکمان نیشان دەدەن کە پێشتر هەرگیز نەمانبینیوە. لەمەودوا، وەک هاندەرێک پاڵپشتی ژاپۆن دەکەم. بێگومان ئەو رۆژە هەر دێت کە ژاپۆن جامی جیهانی بباتەوە. با پێکەوە بڕوامان بەوە هەبێت و بە هەموو هێزمانەوە پاڵپشتی ئەم تیمە بکەین."




