رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالدا ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە یاریی دەکات.
هەڵبژاردەکە لە کۆینتانۆ رۆ لە مەکسیک خۆی بۆ یارییەکە ئامادەکردووە و دەیەوێت بەهێزەوە بچێتە نێو رکابەرییەکانی جامی جیهان و یەکەم بردنەوە تۆمار بکات، لەو یارییەدا کە بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە کاژێر 01:00 دەکرێت.
ئۆرۆگوای لەژێر سەرپەرشتی مارسێلۆ بێلسا، راهێنەری نێوداری ئەرجەنتین و بە پشتبەستن بە تواناکانی فێدریکۆ ڤاڵڤێردی چاوی لەوەیە لە مۆندیالدا ئەنجامێکی باشی هەبێت، بۆ ئەوەش پێویستی بەوەیە سەرەتا لە سعودیە بباتەوە.
هەڵبژاردەکە خاوەنی دوو نازناوی مۆندیالە، بەڵام لە مۆندیالی رابردوودا دوور لە هەموو چاوەڕوانییەکان هەر لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کرایە دەرەوە و ئەمجارە تیپەکە نایەوێت هەمان سیناریۆ دووبارە ببێتەوە.
پێش مۆندیال، ئۆرۆگوای دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر ئینگلتەرا و جەزائیر ئەنجامدا و لە هەردوو یارییەکەدا یەکسانبوو.
هەردوو هەڵبژاردە دووەمجارە لە مۆندیالدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، لە 2018 لە یەک کۆمەڵەدا بوون و ئۆرۆگوای 1-0 یارییەکەی بردەوە.
هەڵبژاردەی سعودیە چووەتە یاریگای پێشووی ئینتەرمەیامی و لیۆنێل مێسی، لەوێ خۆی بۆ یەکەم یاریی لە مۆندیالدا ئامادەدەکات و دوایین مەشقەکانیان ئەنجامدا.
سعودیە لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر ئۆرۆگوای یاریی دەکات و ئەرکیان ئاسان نییە، هەڵبژاردەکە ماوەیەکی زۆر کەم پێش دەستپێکردنی مۆندیال هێرڤی رێناری لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکە دوورخستەوە و جۆرجیۆس دۆنیسی یۆنانی راهێنەرایەتیی تیپەکەی وەرگرت.
لە مۆندیالی رابردوودا سعودیە یەکەم دەرکەوتنی بەرامبەر ئەرجەنتین بوو و مێژووییەکی گەورەی تۆمارکرد، کاتێک لەو هەڵبژاردەیەی بردەوە، ئەمجارەش بەرامبەر هەڵبژاردەیەکی دیکەی ئەمریکا یاریی دەکات و چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.
سعودیە 7 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، هەڵبژاردەکە 1994 گەیشتە قۆناخی شازدە، لە دوو مۆندیالی رابردوودا بەسەریەکەوە بەشدارییکرد و لە هەردووکیان لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا کرایە دەرەوە.




