رووداو دیجیتاڵ
ئەمیر قەڵعەنویی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئێران دەڵێ، "هەڵبژاردەکەی ئێمە زوڵملێکراوترین هەڵبژاردەی جامی جیهانییە".
ئێران یاریی یەکەمی خۆی لە مۆندیال ئەنجامدا و لەگەڵ نیوزیلاند یەکسانبوو بە دوو گۆڵ، دوای یارییەکە راستەوخۆ وەک راهێنەری هەڵبژاردەکە دەڵێ، پێیان راگەیێنراوە کە دەبێ دەستبەجێ خاکی ئەمریکا بەجێبهێڵن و بگەڕێنەوە مەکسیک.
هەڵبژاردەی ئێران کەمپی مەشق و مانەوەی شاندی هەڵبژاردەکەی لە مەکسیکە، بەڵام یارییەکانی لەسەر خاکی ئەمریکا ئەنجامدەدات. هەڵبژاردەکە چەند کاژێرێکی کەم بەر لە یارییەکان، گەشتی ئەمریکا دەکات و دوای یارییەکانیش، راستەوخۆ دەگەڕێتەوە مەکسیک.
قەلعەنویی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی پاش یارییەکەی نیوزیلاند گوتی، "گەیشتنی ئێمەیان دواخست، دواتریش ناچارمان دەکەن بەزوویی بگەڕێینەوە".
راهێنەری ئێران ئاشکرایکردووە، بەپێی رێکەوتنی پێشتر لەگەڵ فیفا، هەڵبژاردەی ئێران دەبوو ئێوارەی ئەمڕۆ بگەڕێتەوە مەکسیک، نەک ناچاربکرێت دوای یارییەکە، دەستبەجێ وڵاتەکە بەجێبهێڵێت.
ئەو دڵێ، ئەوان رۆژ لە دوای رۆژ دۆخی ئێمە قورستر دەکەن، هەروەها رێگریی زیاترمان لێدەکەن، بەڵام ئێمە ناهێڵین ئەوە ببێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەوپەڕی توانای خۆمان پێشان نەدەین.
شاندی هەڵبژاردەی ئێران، لە نێو دۆخێکی پڕ لە هەڵچوونی دیپلۆماسیدا بەشداریی مۆندیال دەکات، پاشئەوەی ئەمریکا رەتیکردەوە ڤیزای وڵاتەکەی بداتە سەرجەم ئەندامانی شاندی هەڵبژاردەکە.
لای خۆیەوە، مەهدی تاریمی، هێرشبەری هەڵبژاردەکە لە میکس زۆنی دوای یارییەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "ئەمە گوشارێکی زۆر لەسەر یاریزانان دروستدەکات، پشتگیریی ناکرێین و پێموایە فیفا دەتوانێت لەو لایەنەوە کاری باشتر بکات".
ئەو هەروەها ئاشکرایکردووە، "یەکێک لە شرۆڤەکارانی هەڵبژاردەکە، ناچارە بێت و کاری میدیایی بکات، ئەوەش کارەساتە".
تاریمی وێڕای ئەوەش، دووپاتیدەکاتەوە کە نایەوێت بیانوو بۆ ئەوە بهێنێتەوە کە روودەدات و دەڵێ یەکسانبوون لە یاریی یەکەمدا ئومێدبڕبوو، دووپاتیکردووەتەوە یاریزانانی هەڵبژاردەکە، کاردەکەن بۆ بردنەوەی دوو یاریی داهاتوو.
تاریمی دەڵێ، لە چەند مانگی رابردوودا رووبەڕووی کێشەی زۆر بووینەوە، ئێمە تەنیا ئاشتی و دڵخۆشیمان دەوێت، ئەوە دروشمەکانی فیفان.
هێرشبەرە 33 ساڵانەکە دەڵێ جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا، سەردانی ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی هەڵبژاردەکەی کرد و هەمان داواکاریمان بەویش گوت.
تاریمی دەڵێ، "جیانی دەیەوێت هاوکاریمان بکات، بەڵام کێشەی دیکەش هەن".
هەڵبژاردەی ئێران لە کۆمەڵەی حەوتەمی مۆندیال یارییدەکات و دوو یاریی داهاتووی، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی میسر و بەلجیکا دەبێت.




