رووداو دیجیتاڵ
یەکێتیی تۆپی پێی تونس بەفەرمی دیاریکردنی هێرڤێ رێناری فەرەنسی وەک بەڕێوەبەری هونەری نوێی هەڵبژاردەی تونس لە مۆندیالدا راگەیاند، بۆ جێگرتنەوەی سەبری لەمووشی.
ئەم هەنگاوە خێرایە دوای ئەو شکستە قورسە هات کە تونس بەرامبەر هەڵبژاردەی سوێد بەئەنجامی 5ـ1 لە یەکەم یاریی خۆیان لە مۆندیالی 2026 تووشی بوون.
ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی یەکێتیی تۆپی پێی تونس دێت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی هونەری بۆ هەڵبژاردەکە پێش رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوە و چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر ژاپۆن؛ ئەو یارییەی کە تاوەکو راددەیەکی زۆر داهاتووی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکە و هەلی بەردەوامبوونی دیاری دەکات.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە رێنار بگاتە مەکسیک و راستەوخۆ سەرپەرشتی یەکەم یەکەی مەشقیی هەڵبژاردەی تونس بکات، لە دەستپێکی ئەرکێکدا کە وادیارە ئاڵۆز بێت و پێویستی بە دەستێوەردانی خێرا هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ یاریزانەکان و راستکردنەوەی رێڕەوەکە پێش یارییە چارەنووسسازەکەی داهاتوو.
لە هەمان چوارچێوەدا، رۆمان مۆلینای رۆژنامەنووسی بەناوبانگی فەرەنسی، کە کار بۆ BBC و رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی دەکات، وردەکاریی گرنگی سەبارەت بە دۆسێیەی گرێبەستکردن لەگەڵ راهێنەرە فەرەنسییەکە ئاشکرا کرد و جەختی کردەوە کە ئەم
گرێبەستە بە پاڵپشتی راستەوخۆی بەرزترین ئاستی دەوڵەتی تونس ئەنجامدراوە.
مۆلینا لە هەژمارەکانی خۆی نووسیویەتی "رەزامەندی لەسەر هاتنی هێرڤێ رێنار لە بەرزترین ئاستی هەرەمی دەوڵەت دراوە، بەجۆرێک بڕیارەکە دراوە و بودجەکەش راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری تونسەوە دابینکراوە، کە تێچووی مووچەکەی گرتووەتە ئەستۆ، لەکاتێکدا یەکێتیی تۆپی پێی تونس سەرپەرشتی ئەم دۆسێەیەی نەکردووە".
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی RMC Sportـی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کردووە کە راهێنەرە فەرەنسییە تەمەن 57 ساڵانەکە رازی بووە تاوەکو کۆتایی یارییەکانی مۆندیالی 2026 سەرکردایەتی تونس بکات، ئەمەش دوای گفتوگۆیەکی خێرا و چڕ، کە لەلایەن سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی تونسەوە دوای شکستەکەی بەرامبەر سوێد ئەنجامدرا.
ئەم ئاڵنگارییە دەبێتە سێیەم دەرکەوتنی لەسەریەکی رێنار لە کۆتاییەکانی جامی جیهانی، دوای ئەوەی پێشتر سەرکردایەتی هەڵبژاردەی سعودیەی کرد لە مۆندیالی 2022، کە تێیدا یەکێک لە گەورەترین سوپرایزەکانی پاڵەوانێتییەکەی تۆمارکرد کاتێک سەوزپۆشەکانی
بەرەو بردنەوەیەکی مێژوویی بەسەر ئەرجەنتین2-1 برد.
رێنار بە یەکێک لە شارەزاترین راهێنەرەکان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە نائاساییەکان و هەڵوێستە سەختەکان دادەنرێت، چونکە ناوی خۆی لە گۆڕەپانی ئەفریقادا لەڕێگەی ئەزموونە سەرکەوتووەکانی لەگەڵ چەندین هەڵبژاردەدا دروستکردووە، و دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە کە دیارترینیان بردنەوەی نازناوی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا بوو لەگەڵ هەڵبژاردەی زامبیا لە ساڵی 2012، پێش ئەوەی هەمان دەستکەوت لەگەڵ کۆتدیڤوار لە ساڵی 2015 دووبارە بکاتەوە.
هاندەرانی تونس هیوادارن راهێنەرە بەئەزموونە فەرەنسییەکە سەرکەوتوو بێت لە گواستنەوەی ئەزموونە گەورەکانی بۆ ناو هەڵبژاردەکە لەم ماوە کورتەی داهاتوودا، و بتوانێت رۆح و متمانە بۆ هەڵبژاردەکەیان بگەڕێنێتەوە، بەمەبەستی زیندووکردنەوەی هیواکان بۆ تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی دەستپێکی سەخت و گەڕاندنەوەی هاوسەنگی پێش رووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانکراو بەرامبەر ژاپۆن لە
مۆندیالی 2026.




