رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کرواتیا، بە سەرکردایەتیی لوکا مۆدریچ، ئامادەیە بۆ ئەوەی یەکەم یاریی لە مۆندیالدا ئەنجامبدات و لە یارییەکی لووتکەدا بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکات.
کاژێر 23:00 لە ویلایەتی تێکساس، لە یارییەکی سەرنجڕاکێشی ئەورووپیدا هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
کرواتیا دەیەوێت بیرەوەرییەکانی مۆندیالی 2018ـی رووسیا بەرامبەر ئینگلتەرا دووبارەبکاتەوە، کاتێک لە قۆناخی پێشکۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە بەدەستهێنا و بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیال.
مۆدریچ، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەستێرەی هەرە دیاری هەڵبژاردەکە بووە و لەژێر سەرپەرشتی زلاتکۆ دالیچ گەیشتوونەتە لووتکەی ئاستی خۆیان، لە 2018 پلەی دووەمی مۆندیالیان بەدەستهێنا و لە مۆندیالی رابردوودا پلەی سێیەمیان بردەوە.
کرواتیا 7 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، مۆدریچ پێنج جار لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەشدارییکردووە و ئەمە دوایین سەمای لوکیتا دەبێت لە مۆندیالدا.
هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، بە پێکهاتەیەکی نوێ و لەگەڵ راهێنەرێکی نوێ لە ئەمریکایە بۆ ئەوەی لە مۆندیالدا ئەمجارە رکابەری لەسەر نازناوەکە بکات و لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەرامبەر کرواتیا یاریی دەکات.
ئینگلتەرا ئەمجارە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی داوەتە تۆماس تۆخێلی ئەڵمانی، لەگەڵ ئەوەی فیل فۆدن و کۆڵ پاڵمەر بانگهێشت نەکراون، هێشتا تیپەکە پڕە لە ئەستێرەی دیار و نێودار.
پێش ئەم یارییە تێنۆ لیڤارمێنتۆ، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئینگلتەرا تووشی پێکانبوو و دوورخرایەوە، راستەوخۆ تریڤۆ چالۆبا بانگهێشتی هەڵبژاردەکە کرا.
هاری کەین، دیارترین ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، وەرزێکی سەرسوڕهێنەری بەڕێکردووە و 60 گۆڵی بەشێوەیەکی گشتی تۆمارکردووە و سەرکردەی تیپەکەیە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی باشترین ئەنجام.
ئینگلتەرا 17 جار بەشداریی لە مۆندیالدا کردووە، لە 1966 بۆ یەکەمجار نازناوەکەی بردەوە، لە مۆندیالی رابردوودا لە قۆناخی هەشت کرایە دەرەوە، پێش ئەویش پلەی چوارەمی لە مۆندیالی رووسیا بەدەستهێنا.




