رووداو دیجیتاڵ
خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین هێرشی تووندی کردە سەر فلۆرێنسیا پینیای ئەکتەر و راگەیاندنکار، بەهۆی بڵاوکردنەوەی هەواڵی کۆچی دوایی باوکی لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین.
رووداوەکە ئەوکات روویدا کە فلۆرێنسیا پێنیا، لە پەخشێکی راستەوخۆدا هەواڵێکی بەپەلەی لەبارەی کۆچی دوایی باوکی لیۆنێل مێسییەوە بڵاوکردەوە.
پێنیا بەدەنگێکی پڕ لە خمەوە گوتی، "نامەوێ هەواڵی ناخۆشتان بدەمێ، بەڵام باوکی مێسی کۆچی دوایی کردووە، ئایا رووداوەکە لەناکاو بوو؟". ئەو راگەیاندنکارە، دواتر دەستیکرد بە پرسیارکردن، لەبارەی چۆنیەتی گیانلەدەستدانی باوکی مێسی و ئەوەش کاردانەوەی گەورەی لە سۆشیال میدیای وڵاتەکەدا لێکەوتەوە.
دوای ئەو هەواڵە، ماڵباتی مێسی لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا، هەواڵی کۆچی دوای خۆرخی مێسی رەتکردەوە و دووپاتیکردەوە، باوکی مێسی نەخۆشە، بەڵام لە ژێر چارەسەردایە و دۆخی پۆزەتیڤە.
ماڵباتەکە هەروەها داوای لە هەمووان کردووە، "بەبەرپرسیارێتی، وریایی و مرۆییانە" مامەڵە لەگەڵ هەر زانیارییەکی هەستیاری لەو شێوەیەدا بکەن. دڵتەنگیی خۆیان بەبڵاوبوونەوەی هەواڵی درۆی کۆچی دوایی خۆرخی دەربڕیوە.
دوای چەند کاژێرێک لە رەتکردنەوەکەی ماڵباتەکەی مێسی، پێنیا جارێکی دیکە لە پەخشی راستەوخۆ دەرکەوت و بەدەم گریانەوە داوای لێبوردنی لە هەمووان و ماڵباتەکەی مێسی کرد.
ئەو گوتی، "دەمەوێت راستەوخۆ داوای لێبوردن بکەم، ئەوان بەگوێمدا گوتیان کە هەواڵەکە راستە، منیش هەر ئەوەم وتەوە کە پێیان گوتبووم، مۆبایل و کۆمپیوتەرم لانەبوو تاوەکو پشتڕاستی بکەمەوە، ئەمە یەکەمجارە ئەوەم بەسەردادێت و من ئێستا دەلەرزم، کەناڵەکەشم راگەیێنراوێک لەوبارەیەوە بڵاو دەکاتەوە".
پێنیا وایداناوە کە بەرپرسیارێتی هەڵەکە لە ئەستۆی تیمی بەرهەمهێنانی کەناڵەکە بووە و ئەو هیچ هەڵەیەکی نەکردووە.
لە کۆتایی تەنگژەکەدا، پێنیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە کەناڵەکە راگەیاند، پاشانیش کەناڵەکە پرۆدیوسەری بەرنامەکە و ژمارەیەک کەسی دیکەی تیمەکەی لە کارەکانیان دوورخستەوە.
کارەکە هەر بەوەندە کۆتایی نەهات، خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین لە پۆستێکدا رەخنەی تووندی لەوە گرت کە روویداوە، وایدانا کە ئەوەی پینیا کردوویەتی، هەڵسوکەوتێکی شەرمهێن و نائەخلاقییانە بووە.
میلی رووداوەکەی قۆستەوە بۆ هێرشکردنە سەر میدیای وڵاتەکەی و گوتی، "کاتێک وا دەزانیت تۆ هەموو شتت بینیوە لە میدیاوە، هەندێک کەس دێن بۆ ئەوەی بیرمان بخەنەوە کە هەموو کات ئێمە لەبەردەم کەوتنداین، هەموو کات دەکرێ خراپترین شت بڵێین، هەروەها ئازاری زیاتر بەوانیدیکە بهێنین".
ئەو هەروەها دەڵێ، "لێدوانە تۆقێنەر و نائەخلاقییە ناراستەکانی فلۆرێنسیا پێنیا، کە ئەگەر زانیارییەکانیشی راست بوونایە هەر تۆقێنەربوون، بیرمان دەخاتەوە کە ئێمە دۆخمان چۆن لەدەستدەرچووە، بەهۆی ئەوەی هەندێک کەس مایکرۆفۆن و قەڵەمیان دراوەتە دەست".
سەرۆکی ئەرجەنتین هەروەها دەڵێ، "لانیکەم کەناڵەکە دەبوو ئەوەندە لەخۆی ببوردایە و زانیارییەکە راست بکاتەوە و ئەو کەسە زیانبەخشە، دەربکات و رێگەنەدات، ئەو کەسانە بگەنە نێو میدیاکان".
میدیای ئەرجەنتین ئاشکرایانکردووە، هەواڵی ناڕاستی گیانلەدەستدانی خۆرخی مێسی، گەیشتووەتەوە لیۆنێل مێسی کوڕی کە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لە مۆندیالی ئەمریکایە و هەستی بەنیگەرانییەکی زۆر کردووە.




