رووداو دیجیتاڵ
دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی مۆندیالی 2026ـە و لە هەموو شوێنێک باس باسی ئاستبەرزیی ئەو یاریزانە کوردەیە.
ئونداڤ، دوو یاریی لە مۆندیالی 2026 بەدرێسی ئەڵمانیاوە ئەنجامداوە، بەڵام ئاستبەرزییەکەی هەمووانی سەرسامکردووە و ئێستا دیارترین ناوی نێو پاڵەوانێتییەکەیە، کە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا بەڕێوەدەچێت.
لە یەکەم یاریی مۆندیالدا، کاتێک ئەڵمانیا بەرامبەر کوراساو یارییکرد، ئونداڤ بەشێوەی یەدەگ چووە نێو یاریگا، بەڵام گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو گۆڵی بۆ هاوڕێکانی دروستکرد، ئەمە ئونداڤی بردە قۆناخێکی زۆر پێشکەوتووتر.
لە دووەم یاریی مۆندیالدا، ئەڵمانیا بەرامبەر کۆتدیڤوار یارییکرد، سەرەتا کۆتدیڤوار گۆڵێکی تۆمارکرد و ئەڵمانیا بە ئاستێکی خراپەوە دەرکەوت، نیوەی یەکەم بە دواکەوتنی ئەڵمانیا کۆتاییهات.
لە خولەکی 60 ئونداڤ چووە نێو یاریگا، بۆ جاری دووەم وەکو یەدەگ بەشداریی لە یارییەکەدا کرد، بەڵام دوای تەنیا 8 خولەک بەشداریکردن، ئەستێرە کوردەکە گۆڵێکی جوانی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ مانشافت یەکسانکردەوە.
لە دوایین ساتەکانی یارییەکەدا، دێنیز ئونداڤ، وەکو باهۆزێک دەرکەوت و گۆڵی دووەمی ئەڵمانیای بەشێوەیەکی زۆر جوان تۆمارکرد، ئەو گۆڵە ئەڵمانیای بەرەو بردنەوەیەکی گرنگ برد و هەڵبژاردەکە دواکەوتنی بۆ سەرکەوتن گۆڕی.
هەمووان رایانکرد بۆ لای ئەستێرە کوردەکە و ئاهەنگی ئەڵمانیاییەکان یاریگای داگیرد و ناوی ئونداڤ بەخێراییەکی زۆر گەیشتە هەموو جیهان.
ئەڵمانیا یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە، دوای ئەوەی لە دوو مۆندیالی رابردوودا ماڵئاوایی کرد و لە قۆناخی یەکەم کرایە دەرەوە، جارێکی دیکە هەڵبژاردەکە خۆی گەیاندەوە قۆناخی دووەمی مۆندیال.
ئامارەکانی ئونداڤ لە مۆندیالدا
2 یاریی ئەنجامداوە
56 خولەک یارییکردووە
3 گۆڵی تۆمارکردووە
2 گۆڵی دروستکردووە
یەکەم یاریزانە لە مۆندیالی 2026 بەشداریی لە 5 گۆڵدا کردبێت
ئونداڤ ریکۆردی رۆجێر میلای شکاند و لە 1990ـەوە یەکەم یاریزانە لە مۆندیالێکدا یاریی بکات و بەشداریی لە 5 گۆڵدا بکات
ئونداڤ لە یارییەکەدا بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا
ئونداڤ دوای یارییەکە چی گوت؟
دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کورد و گۆڵکاری ئەڵمانیا لە مۆندیالدا لە دوای یارییەکە گوتی "ئەمە زۆر گرنگە. هەمیشە باشە کە یاری یەکەم ببەیتەوە و دواتر یاری دووەمیش. پێموایە ئەمڕۆ کەسایەتییەکی بەهێزمان نیشاندا. ئەگەر بڵێم دەمانەوێت لە قۆناخی داهاتوو بچینە دەرەوە، پێموایە ئەمە ئەو شێوازە نییە کە یاریزانێکی تۆپی پێ دەبێت لێی بێت. ئێمە دەمانەوێت بگەینە لوتکەی دەستکەوتەکان، لوتکەش بەدەستهێنانی نازناوەکەیە. هەموو شتێک بۆ ئەو مەبەستە دەکەین. تەنانەت ئەگەر بەدەستیشی نەهێنین، هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین. ئەوە ئامانجی سەرەکییە."
لێدوانی یولیان نایگێلسمان لەبارەی ئونداڤەوە
یولیان نایگێلسمان، راهێنەری ئەڵمانیا دوای درەوشانەوەی ئونداڤ لە یارییەکەدا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "پێشتریش گوتوومە، دەتوانین زۆر باسی هەموو شتێک بکەین. تێڕوانینی جیاواز هەیە. دەتوانیت بڵێیت، بۆچی ئەو کەشەی تێکبدەم؟ دوو جار وەک یاریزانی یەدەگ هاتە ناوەوە و هەردوو جارەکە یان گۆڵی تۆمارکردووە یان گۆڵی دروستکردووە. ئەمجارەشیان دوو گۆڵی کرد. دیسانەوە دەڵێم، کاتێک یارییەکە دەکرێتەوە، ئەو لە جوڵەکانیدا زۆر نایابە. دوای گۆڵی یەکەم، پاسێکی زۆر باشی لە فلێکس بۆ هات. جاری دووەمیش، جوڵەیەکی نایابی دێنیز بوو، تەنانەت سەیری گۆڵەکەشی نەکرد."
یولیان زیاتر لەبارەی ئونداڤەوە قسەیکرد و گوتی " دەتوانم بڵێم 'بەڵێ، لەسەر ئەم کەشەی ئێستات بەردەوام بە و باشترە وەک یاریزانی یەکلاکەرەوە بێیتە ناو یارییەکە'، بەڕاستی بۆ مۆندیال گەیشتووەتە لوتکەی ئاستی خۆی. بەڵام دەشمتوانی لە پێکهاتەی سەرەکیدا دایبنێم. ئێمە بەپێی بارودۆخەکە مامەڵە لەگەڵ یاریزانەکان دەکەین و رەنگە جاری داهاتوو لە سەرەتاوە یاری بکات. پێموایە هەموو یاریزانێک حەز دەکات لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت، بەڵام پێموایە ئەو بەم دۆخەی ئێستای زۆر دڵخۆشە، چونکە رۆڵێکی گرنگی گێڕا و ئێمەش زۆر لە ئاستی رازین."
کاروانی یارییکردنی ئونداڤ
دێنیز ئونداڤ، لە دایکبووی 19-7-1996ـە لە ڤارێلی لە ئەڵمانیا لە دایکبووە، لە ماڵباتێکی ئێزدیی خەڵکی وێرانشاری پارێزگاری رووهای باکووری کوردستانە.
لە ساڵی 1980ـەوە باپیری ئونداڤ چووەتە ئەڵمانیا، کە بەهۆی گوشاری دەستەڵاتی ئەو کاتەوە بە ناچاری چوونەتە ئەو وڵاتە.
ئونداڤ یەکێکە لە پێنج منداڵەکەی دایک و باوکی و برایەکی دیکەشی یاریزانی تۆپی پێیە.
ئونداڤ لە ساڵی 2002 لە تیپی لاوانی ئاخیم لە ئەڵمانیا دەستی بە یارییکردن کردووە، پاشان چووەتە تیپی لاوانی ڤێردێر برێمەن و لە 2007 تاوەکو 2012 لەو یانەیە یارییکردووە.
لە ساڵی 2015 یاریزانە کوردەکە یەکەم کاروانی یارییکردنی پیشەگەریی لە یانەی هاڤێلسی ئەڵمانی بووە، دوای ئەوە لە 2017 بۆ ساڵێک چووەتە یانەی ئاینتراخت براونشڤیگی ئەڵمانی، پاشان لە یانەی ماپێن یارییکردووە.
ساڵی 2020 کاروانی یارییکردنی خۆی بردە دەرەوەی ئەڵمانیا و چووە یانەی سانت ژیلوازی بەلجیکی، ئەو کاتە تیپەکە لە خولی پلە دوو یاریی دەکرد.
ساڵی 2002 پەیوەندیی بە یانەی برایتۆنی ئینگلیزی کرد و لە پرێمەرلیگدا یاریی دەکرد.
لە ساڵی 2023ـەوە یاریزانی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانییە و ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ئەو یانەیە و هەڵبژاردەی یەکەمی ئەڵمانیایە.
ئونداڤ لەبارەی کۆردبوونییەوە چی دەڵێت؟
دێنیز ئونداڤ، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا دەڵێت "ئێمە کوردین و خەڵکی رووهاین، ئەوان لە تورکیا گەورە بوون، دواتر هاتوونەتە ئەڵمانیا و کۆچیانکردووە، لە ئەڵمانیا ژیاون و لێرە منداڵیان گەورەکردووە، دایک و باوکم خەڵکی کوردستانن، لە ئەڵمانیا بوونەتە خاوەن کاری خۆیان."
یاریزانە کوردەکە دەڵێت "ئێمە خەڵکی ناوچە کوردییەکانی تورکیان (باکووری کوردستان)، من بە فێربوونی سێ زمان گەورە بووم، ئەڵمانی، کوردی و تورکی، من بە هیچ شێوەیەک تورکی نازانم و ناچاربووم فێری کوردی ببم."
ئونداڤ دەڵێت "بۆ باوکم گرنگترین شت قوتابخانە و تۆپی پێ بوو، هەر کاتێک لە قوتابخانە یان تۆپی پێ خراپ بوومایە، لەگەڵ باوکم تووشی کێشە دەبووم و لێم توڕە دەبوو."
پێشتر فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا پەیوەندییان بە ئونداڤەوە کردبوو، بۆ ئەوەی یاریی بۆ هەڵبژاردەی تورکیا بکات، ماڵپەری فۆتۆسپۆری تورکی هەواڵێکی لەبارەی ئەو هێرشبەرە کوردەوە بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "دێنیز ئونداڤ بەهۆی ئەوەی بەڕەچەڵەک کوردە، هەڵبژاردەی تورکیای رەتکردووەتەوە و ئەو بەردەوامە لە راکێشانی هەست و سۆزەکان لە شتوتگارت."




