رووداو دیجیتاڵ
یان کریستیان دریسن، سەرۆکی جێبەجێکاری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ئاشکرایکرد، شاندێکی گەورەی یانەکە، سبەی دەچێتە لەندەن بۆ ئامادەبوون لە رێوڕەسمی ئاهەنگی باڵۆندۆر، کە بڕیارە سبەی دووشەممە بەڕێوەبچێت.
بایرن میونشن ئومێدەوارە، هاری کەینی هێرشبەری یانەکە، خەڵاتەکە بباتەوە.
دریسن باسی لە تواناکانی هێرشبەرەکەی کردووە و ئاشکرایکردووە، ئەوان زۆردڵخۆش دەبن، ئەگەر کەین خەڵاتەکە بباتەوە، ئاماژەی بەوەداوە ئەو هێرشبەرە شایەنی خەڵاتەکەیە.
ئەو روونیکردووەتەوە، "هاری کەین ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت، بەڵام ئەو 73 گۆڵەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا و یانەکەی تۆماریکردوون، تایبەتمەندیی گەورەیان هەیە ئەمجارە".
ئەو هەروەها دەڵێ، ئەو چاوی بەپلەی 360 دەبینێت.
سەرۆکی یانە باڤارییەکە پێیوایە کەین شێوازی خۆی دەگۆڕێت، گەشە بەخۆی دەدات، هەروەها رۆڵی هەبووە لە گۆڕینی شێوازی یارییکردنی تیپەکە و وایدانەوە ئەو ئەستێرەیەکی جیهانییە، خاکەڕا و بەکەسایەتییە، نموونەیەکی جوانی ناو یاریگا و دەرەوەی یاریگایە.
سەرۆکی بایرن پێیوایە کە میشێل ئۆلیسێی هێرشبەری یانەکە بەهەمان شێوە شایستەی بوونە لە نێو لیستەکەدا، دووپاتیکردووەتەوە ئەویش رۆژێک لە رۆژان، خەڵاتەکە دەباتەوە.
هەروەها دووپاتیکردووەتەوە کە شاندی یانەکەی بەئومێدی بەدەستهێنانی خەڵاتەکە لەلایەن کەینەوە دەچێتە لەندەن، بەئومێدی بردنەوەی خەڵاتێک یان دوو خەڵات لەلایەن یاریزانانی یانەکەوە.
لە دوای ساڵی 1981ەوە هیچ یاریزانێکی بایرن میونشن، خەڵاتی باڵۆندۆری نەبردووەتەوە.




