رووداو دیجیتاڵ
جیهان چاوەڕێی یەکلابوونەوەی خەڵاتی باشترین یاریزانی ساڵ دەکات، کاتێک ئەمشەو لە لەندەن خەڵاتی باڵۆندۆر دابەشدەکرێت و چەندین ئەستێرەی دیار لەسەر ئاستی دونیا رکابەری بۆ بردنەوەی دەکەن.
ئەمشەو کاژێر 23:00 رێوڕەسمی خەڵاتەکانی گۆڤاری فرانس فۆتبوول لەنێویاندا خەڵاتی باڵۆندۆر بۆ باشترین یاریزان بەڕێوەدەچێت، وەشانی ئەمجارەی دابەشکردنی خەڵاتەکان هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی 70 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی دابەشکردنی ئەو خەڵاتانە، بۆیە ئەمشەو لە پاڵ دابەشکردنی خەڵاتەکە چەندین ئەستێرە رێزیان لێدەنرێت و یادیان دەکرێتەوە.
هەڵبژاردنی لەندەن بۆ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە بۆ رێزلێنانە لە ستانلی ماتیۆسی ئینگلیزی، کە لە 1956 خەڵاتی تۆپی زێڕینی بردووەتەوە، کە یەکێک لە نێودارترین ئەستێرەکانی یانەی بلاکپوول و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا بووە و یەکەم کەسە خەڵاتەکە بباتەوە.
رێوڕەسمەکە لە هۆڵی لەندەن پالادیۆم بەڕێوەدەچێت، لە 2019ـەوە تاوەکو ساڵی رابردوو لە هۆڵی شاتلێی پاریس دەکرا، پێشکێشکارانی ئاهەنگەکە تێری هێنری، ئەستێرەی تۆپی پێی فەرەنسا و کایت سکۆتی راگەیاندنکار دەبن.
ئەمە یەکەمجار نییە ئاهەنگەکە لە دەرەوەی فەرەنسا بەڕێوەدەچێت، لە ماوەی رێکخستنی ئاهەنگی باڵۆندۆر لەنێوان 2010 بۆ 2015 کە بە هاوبەشی لەگەڵ فیفا دابەشدەکرا ئاهەنگەکە لە زیورخی سویسرا بەڕێوەدەچوو.
لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتین، هاری کەین، ئەستێرەی ئینگلتەرا، کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسا، لامین یامال، ئەستێرەی لاوی ئیسپانیا، عوسمان دێمبێلێ، ئەستێرەی فەرەنسا و چەندین یاریزانی دیکە ناویان لەنێو لیستی کۆتایی بەربژێرەکانە بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر.
بەپێی گۆڤاری فرانس فۆتبوول، ئاستی تاکەکەسی یاریزانان، کارەکتەری یەکلاکەرەوە لە یارییەکاندا و دوای ئەوە ئاستی بەکۆمەڵ و بردنەوەی نازناو لەگەڵ یاریی خاوێن پێوەرن بۆ هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی ساڵ.
بۆ هەڵبژاردنی براوەی باڵۆندۆر، 100 رۆژنامەڤان لەنێو وڵاتانی خاوەنی پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی فیفا مافی دەنگدانیان پێدراوە و 50 نوێنەری وڵاتانی پێشەنگیش دەنگ بۆ خەڵاتی باشترین خانمە یاریزان دەدەن.
لەگەڵ خەڵاتی باڵۆندۆر بۆ باشترین یاریزان، خەڵاتی باڵۆندۆری خانمان، باشترین راهێنەر لەسەر ئاستی پیاوان و خانمان، باشترین گۆڵپارێز لەسەر هەردوو ئاست، خەڵاتی باشترین یاریزانی لاو، خەڵاتی سوکرات بۆ دەستپێشخەری دابەشدەکرێن.
هاندەران لەسەر ئاستی هەموو جیهان چاوەڕێن، بۆ ئەوەی لە لەندەنەوە بزانن کێ ئەمجارە تۆپە ئاڵتۆنییەکە لە باوەش دەکات و دەبێتە باشترین یاریزانی جیهان.




