رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا گورزێکی نوێی لە پێکهاتەکەیدا بەرکەوت، دوای ئەوەی بە فەرمی دوورکەوتنەوەی چاڤی ئێسپارتی بەرگریکاری لاوی یانەکەی بۆ ماوەی حەوت هەفتە راگەیاند بەهۆی پێکانەکەی لە یاریی کلاسیکۆ بەرامبەر ریال مەدرید.
ئێسپارتی تەمەن 19 ساڵان لە خولەکی 29ـی یاریی کلاسیکۆ لەسەر یاریگەی کامپ نو بەهۆی ئازاری گۆزنگی نەیتوانی بەردەوام بێت و ئەلیخاندرۆ باڵدێ لە شوێنی هاتە نێو یاریگا. یانەی بارسێلۆنا لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا پشتڕاستیکردەوە کە ئەو یاریزانە تووشی پێکان بووە لە جومگەی گۆزنگی راستی و بە مەزەندەی پزیشکەکان نزیکەی حەوت هەفتە لە یاریگاکان دادەبڕێت.
ئەم ماوەیەی دوورکەوتنەوەی وادەکات ئێسپارت بەشداری لە نۆ یاریی بارسێلۆنادا نەکات، کە دیارترینیان یاریی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید لە لالیگا لە 8ـی مانگی 11، هەروەها هەردوو رووبەڕووبوونەوەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەکانی ئاستۆن ڤێلا و مانچێستەر سیتی دەبن.
پێکانەکەی ئێسپارت لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە بۆ هانزی فلیک، لە کاتێکدا هێڵی بەرگری بەدەست پێکانی ژول کوندێ، ئێریک گارسیا و ئەندریاس کریستێنسن دەناڵێنێت، هاوکات لە هێڵی پێشەوەش دانی ئۆلمۆ و روونی بەرداخچی ئامادە نین.
دۆڕانی 1-2 لە کلاسیکۆ جیاوازیی خاڵەکانی بارسێلۆنای لە پێشەنگی لالیگا لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ دوو خاڵ و لەگەڵ ریال مەدرید بۆ سێ خاڵ کەمکردەوە.




