رووداو دیجیتاڵ
بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر لەلایەن هاری کەینی ئەستێرەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە، جارێکی دیکە پرسیاری ئەوەی هێنایەوە ئاراوە، براوەی ئەو خەڵاتە چەند پارە وەردەگرێت و لە رووی داراییەوە چ قازانجێک دەکات.
ئەم پرسیارە لە کاتێکدا سەرهەڵدەداتەوە کە بەشێکی زۆری خەڵک پێیانوایە، خەڵاتەکە پاداشتێکی گەورەی داراییشی لەگەڵیدایە، لە کاتێکدا کارەکە بەو شێوەیە نییە.
راستیی دارایی لە پشتی خەڵاتەکەوە، پەیوەستە بەو گۆڕانکارییەی لە رووی داراییەوە لە ژیانی براوەکەدا دروست دەبێت، نەک ئەوەی لەگەڵ تۆپە ئاڵتوونییەکەدا، چەند پارە وەردەگرێت.
گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ' کە دابەشکاری خەڵاتەکەیە، هیچ چەکێکی پارەی کاش بەبراوەکە نادات، بەڵام براوەکە، هەرئەوەندەی چووە سەر ستەیج و تۆپە ئاڵتوونییەکەی گرت بەدەستەوە، ئیدی ئاسۆنی گۆڕانکارییەکی گەورە لە رووی داراییەوە، لە ژیانیدا روودەدات.
بەپێی لێکدانەوەی ئەو سەرچاوە داراییانەی، گەشەکردنی ئابووریی چەندین ساڵی پێشووی، ژیانی براوەکانی باڵۆندۆریا بەپێوانەکردووە، دەڵێن براوەی باڵۆندۆر چەندین هاندەری لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە پێدەدرێت، هەروەها کۆمپانیا سپۆنسەرەکان و تەنانەت یانەکانیش، بەجۆرێک کە کۆی ئەو داهاتانەی دەکرێ کەسێکی وەک هاری کەین، بەهۆی باڵۆندۆرەوە وەریان بگرێت، لە 16 ملیۆن یۆرۆ زیاتر دەبن.
زانیاریی سەرنجڕاکێش لەسەر خەڵاتەکە ئەوەیە کە براوەی باڵۆندۆر لەلایەن فرانس فوتبۆڵ و یوفاوە هیچ بڕە پارەیەکی نادرێتێ، تەنانەت ئەو تۆپەی بەناوی ئاڵتوونییەوە وەریدەگرێت، لە زێڕ دروستنەکراوە.
خانەی خشڵ و زێڕی بەناوبانگی 'میلیریۆ' ئەرکی دروستکردنی خەڵاتەکە لە ئەستۆ دەگرێت، لە پڕۆسەیەکدا کە نزیکەی 100 کاژێر کارکردنی بەدەست دەخایەنێت و شەش مانگ بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکە، دەست بەدروستکردنی دەکرێت.
خانەکە، دوو نیوە تۆپی دروستکراو لە مس بەیەکەوە دەنووسێنێت و دواتر 32 پارچەی هاوشێوەی پارچەکانی تۆپی لەسەر جێگیر دەکات، بەرزیی خەڵاتەکە 31 سانتیمەتر و کێشەکەی 10 کیلۆگرامە، دواتر دەخرێتە ناو حەوزێکی زێڕەوە و پاشان لەسەر پارچەیەک لە بەردی ئالبیریت جێگیر دەکرێت و تێچووی خەڵاتەکە، نزیکەی 3 هەزار یۆرۆیە.
لەگەڵ بەدەستهێنانی ئەو تۆپەدا، ئیدی دەرگای داهاتی گەورە بەڕووی هەڵگرەکەیدا دەکرێتەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی بەندی تایبەت بە هاندان کە پێشتر لە گرێبەستی یاریزانەکان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا هەیە، هەروەها کۆمپانیاکانی جلوبەرگی وەرزشی و ئەو یانانەشی یارییان بۆ دەکەن.
یانە گەورەکانی ئەورووپا، لە گرێبەستی ئەستێرەکانیاندا بەندێک بۆ پاداشتی یاریزانەکە دادەنێن، ئەگەر خەڵاتی باڵۆندۆر بەدەست بهێنێت.
خەڵاتەکە بەشێوەیەکی گشتی، لە نێوان یەک تاوەکو سێ ملیۆن یۆرۆیە. فرانک ریبێری کاتێک بۆ بایرن میونشن یارییدەکرد، لە گرێبەستەکەیدا بەندێک هەبوو، ئەگەر ئەو یاریزانە باڵۆندۆر بباتەوە، یانەکەی یەک ملیۆن یۆرۆی کاش دەداتێ وەک پاداشتی ئەو دەستکەوتە.
لەگەڵ ئەو سەرچاوانەدا، کۆمپانیا سپۆنسەرەکان، بەندە داراییە گەورەکانی خۆیان لەگەڵ براوەکەدا کارا دەکەن. ساڵی 2018 لوکا مۆدریچ دوای بەدەستهێنانی باڵۆندۆر، دەستبەجێ بڕی 800 هەزار یۆرۆی لەلایەن کۆمپانیای نایکییەوە درایە، لەگەڵ دروستکردنی لاپچینێکی تایبەت بەناوی ئەو ئەفسانەیەوە.
هەمان ئەو پاداشتانە لەلایەن کەینیشەوە بەدەست دەهێنرێن و بگرە ئەوانەی کەین زیاتر دەبن، چونکە ئەو گرێبەستی سپۆنسەری گەورەتری هەیە و مافی فرۆشتنەوەی وێنەکانیشی هی خۆیەتی.
کەین بەر لە وەرگرتنی خەڵاتەکە، لەلایەن کۆمپانیای بۆریلی سویسرییەوە، کاتژمێرێکی تایبەتی بۆ دروستکرابوو، تاوەکو لە ئاهەنگەکەدا لەدەستی بکات، بەهاکەی سەدان هەزار یۆرۆیە.
جیا لەمانە، براوەی باڵۆندۆ بۆ داهاتووش سوودی زۆر لە خەڵاتەکە وەردەگرێت لە رووی داراییەوە، چوونی هەر یاریزانێکی براوەی باڵۆندۆر بۆ هەر یانەیەک، بەهای یاریزانەکە و تێچووی گواستنەوەکە بەرز دەکاتەوە، هەروەها دەبێتە چەکێکی کاریگەری دەستی بەڕێوەبەری کارەکانی، بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەی داهاتوودا، داوای مووچەی زیاتر بکات، ئەمە جیا لەوەی کە کرێی رێکلامەکانی بەرزدەکاتەوە و بۆ هەر کارێکی رێکلامی لە نێوان 20 تاوەکو 50 لەسەد، کرێیەکەی زیاد دەبێت.



