رووداو دیجیتاڵ
زنجیرەیەک پێشبینی و قومار لەسەر ریزبەندی پێنج یاریزانی یەکەمی لیستی باڵۆندۆری ئەمساڵ، گۆڤاری فرانس فوتبۆڵی ناچارکرد، پەنا ببەنە بەر پۆلیس و سکاڵا تۆمار بکەن و داوای لێکۆڵینەوە بکەن.
رۆژنامەی 'گاردیان'ی بەریتانی گوتوویەتی، زنجیرەیەک قومار و پێشبینی بۆ براوەی خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە یەکێک لە پێشبینییەکان، بەوردی ناوی پێنج یاریزانی یەکەمی لیستی خەڵاتەکەی دەستنیشانکردووە و بەهۆیەوە 200 هەزار دۆلاری بردووەتەوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، بەهۆی ئەو پێشبینییە وردەوە، گۆڤاری 'فرانس فوتبۆڵ' داوای لە پۆلیس کردووە، لێکۆڵینەوە بکات.
وەک رۆژنامەکە دەڵێ، 12 ئەژمار لەسەر پلاتفۆرمی 'پۆلی مارکێت'ی ئەمریکی کە تایبەتە بە پێشبینی و دراوی دیجیتاڵی بەکاردەهێنێت، رۆژی دووشەممەی پێشوو، بەبەهای زیاتر لە 264 هەزار دۆلار، قوماریان لەسەر لیستی کۆتایی پێنج یەکەمەکەی باڵۆندۆر کردووە.
وردبینی لە پێشبینییەکاندا، پرسیاری زۆری لەسەرئەوە دروستکردووە، کە ئەگەر هەیە، بەر لە راگەیاندنی لیستەکە لەلایەن گۆڤارەکەوە، لیستەکە دزەی پێکرابێت.
فرانس فوتبۆڵ، شەوی دووشەممە، لیستی پێنج یەکەمەکەی خەڵاتەکەی بڵاوکردەوە کە بەپێی دەنگەکان، هاری کەین بووە براوەی خەڵاتەکە، کیلیان ئێمباپێ دووە، لامین یامال سێیەم، رۆدری چوارەم و لیۆنێل مێسی، پێنجەم بوون.
ئەو ریزبەندییەی گۆڤارەکە بڵاویکردووەتەوە، هەمان ریزبەندە کە پێشبینییەکان کردوویانە و ئەوەش گومانی لەوە دروستکردووە، لیستەکەی باڵۆندۆر دزەی پێکرابێت.
ماڵپەری 'ئیپساید'ی میدیایی فەرەنسا، لێکۆڵینەوەیەکی لەسەر پێشبینییەکان کردووە و دەڵێ، تیمەکانیان 12 ئەژماری پولی مارکێتیان سەرنجداوە کە لە ماوەی نێوان یەک تاوەکو 20ی مانگی 10 دروستکراون.
ئەژمارەکان، هەمان شێوە و ریزبەندی و زانیارییان دووبارەکردووەتەوە و ئەوەش وایکردووە، گومان لەوە هەبێت کە کەسێک یان چەند کەسێک، هەمان پێشبینییان کردبێت.
ماڵپەرەکە دەڵێ، حەوت لەو ئەژمارانەی قومارکردنەکە، تەنیا لەسەر لیستی کۆتایی ریزبەندی پێنج یاریزانەکەی یەکەمی باڵۆندۆر قوماریان کردووە، لە کاتێکدا شەش دانەی دیکەیان، تەنیا دوای 15 خولەک لە دروستکردن، قومارەکەیان ئەنجامداوە لەسەر لیستەکەی باڵۆندۆر.
ئەگەرچی بەدواداچوونی ماڵپەرەکە، توانیویەتی بگاتە یەکێک لە خاوەن ئەژمارەکانی قومارکردنەکە، بەڵام تاوەکو ئێستا ناسنامەکەی بەنهێنی ماوەتەوە، لە کاتێکدا پۆلیس دەیەوێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکات و بەدوای سەرچاوەی هەموو ئەژمارەکاندا دەگەڕێت.
پۆلیس رایگەیاندووە کە لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە، سەیر لەوەدایە کە ئەو ئەژمارانە، هەمووان یەک سیناریۆیان بۆ ریزبەندی یەکەم تاوەکو پێنجەمی لیستی کۆتایی باڵۆندۆر داناوە کە بریتییە لە یەکەم هاری کەین، دووەم ئێمباپێ، سێیەم لامین، چوارەم رۆدری و پێنجەم مێسی و بەوەش زیاتر لە 200 هەزار دۆلاریان بردووەتەوە.
فرانس فوتبۆڵ پێشتر رایگەیاندبوو، ژمارەیەکی زۆر کەمی کارمەندەکانی، زانیاریی تەواویان لەسەر لیستی کۆتایی براوەی خەڵاتەکە هەیە، ئەوەش لەبەر پاراستنی نهێنی و رێگریکردن لە قومارکردن بەلیستەکەوە.




