رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، کەرەنتین و دابڕینی تەواوی بەسەر ڤینسینت کۆمپانی، راهێنەری یانەکەدا سەپاندووە، پاشئەوەی لە نەخۆشخانە هاتە دەرەوە، دوای بەربوونەوەی لە کاتی تەماشاکردنی مەشقەکانی تیپی دووەمی یانەکە.
ئارۆن دانکس، یاریدەدەری راهێنەری بایرن میونشن، کە لەکاتی ئامادەنەبوونی کۆمپانیدا، سەرپەرشتی تیپەکە دەکات، رایگەیاندووە یانەکە کەرەنتینی بەسەر راهێنەرەکەیدا سەپاندووە و قەدەخەی کردووە، لە نزیکەوە هیچ کەسێک ببینێت.
یاریدەدەرەکەی کۆمپانی ئاشکرایکردووە، کۆمپانی لە قۆناخی چارەسەر وەرگرتندایە لە نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک، بەو هۆیەشەوە پشووی ناچاریی پێدراوە بۆ چاکبوونەوە لە نەخۆشییەکەی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا، لەبارەی ئەگەری ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە لەگەڵ راهێنەرەکە، دانکس گوتی، "بەهیچ شێوەیەک ئەوەمان نەکردووە، ئێمە بەوردییەکی زۆرەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا دەکەین. هەریەکە لە ماکس ئیبریل و کریستۆڤ فرۆیند رێنوێنی تووندیان دامێ، کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ کۆمپانی، باسی دۆخی تیپەکە و یارییەکان و تۆپی پێ نەکەم، چونکە هەموومان یەک ئامانجمان هەیە، ئەویش چاکبوونەوەی تەواوەتی کۆمپانی و بەسەربردنی کات لەگەڵ خێزاکەی".
راهێنەرە کاتییەکەی بایرن هەروەها گوتوویەتی، "دەمانەوێت پشوو بدات و بەتەواوی چاکببێتەوە، تاوەکو بەهەموو وزەی خۆیەوە بگەڕێتەوە و باشترینمان پێشکەش بکات. ئێمە زۆر تووندین لەو بابەتەدا و تۆپی پێمان بەتەواوی لە ژیانی ئەو دوورخستووەتەوە".
پێشتر وەکئەوەی میدیای ئەڵمانیا رایانگەیاندووە، دۆخی تەندروستیی کۆمپانی بووبووە جێگای دڵەڕاوکەی بەرپرسانی یانەکە. بەتایبەت کە ئەو چەند جارێک لە کاتی کارکردندا، لەهۆشخۆی چووبوو و بەرپرسانی یانەکەش دووپاتیانکردبووەوە، کە پێویستە ماوەیەک پشوو بدات و لەکارکردن دووربکەوێتەوە.
میدیای ئەڵمانیا ئەوەشیان ئاشکراکردبوو کە، ئەو راهێنەرە پێویستی بەلانیکەم دوو هەفتە پشوو وەرگرتن هەیە، لەگەڵ پێویستیی ئەنجامدانی کۆمەڵێک پشکنین، بۆ دڵنیابوونەوە لە سرووشتی نەخۆشییەکەی.
دانکس لە یەکەم یاریدا لەسەرپەرشتیکردنی بایرن میونشن، بەبێ ئامادەبوونی کۆمپانی لە کلاسیکێری ئەڵمانیا لەگەڵ بایرن میونشن، بە دوو گۆڵ یەکسانبوو.




