رووداو دیجیتاڵ
مستەفا بەدری، رۆژنامەڤانی مەغریبی کە مافی دەنگدانی لە لیستی براوەکانی خەڵاتی باڵۆندۆر هەبووە، رایگەیاندووە رووبەڕووی گوشار بووەتەوە، بۆ دەستنیشانکردنی باشترین یاریزان لە لیستی خەڵاتەکانی باڵۆندۆر، ئاماژەی بەوەداوە کە کارکردن بۆ گوشارخستنە سەر دەنگدەران، لە پڕۆسەی دەنگدانەکەدا هەیە.
بەدری، سەرنووسەری رۆژنامەی 'مونتەخەب'ی مەغریبییە، یەکێکبووە لەو سەد رۆژنامەنووسەی، مافی دەنگدانیان لەسەر خەڵاتی باڵۆندۆری ئەمساڵ هەبووە. ئەو تاکە دەنگدەر بووە کە وەکخۆی دەڵێ، دەنگیداوە بە ئەشرەف حەکیمی بۆ بەدەستهێنانی باڵۆندۆر.
ئەو رۆژنامەڤانە ئاشکرایکردووە، لیستەکەی بریتی بووە لە هەریەکە لە حەکیمی یاریزانی پاریس سانجێرمان، ئێمباپێی یاریزانی ریال مەدرید و لامین یامالی یاریزانی بارسێلۆنا.
لیستی راگەیێنراوی فرانس فوتبۆڵ بۆ ریزبەندی یاریزانانی لیستەکە بەو شێوەیە بوو کە، هاری کەین یەکەم، کیلیان ئێمباپێ دووەم و لامین یامال سێیەم بوون.
بەدری دەڵێ، بەرلەوەی کارتی دەنگدانەکەی بنێرێتەوە بۆ گۆڤارەکە، پەیوەندی پێوەکراوە.
ئەو دەڵێ، هەندێک کەس پەیوەندییان پێوەکردم و هەوڵیاندا، کاریگەری لەسەر بۆچوونەکەم دروست بکەن. ئەوان دەیانویست من دەنگی یەکەم بەیاریزانێکی دیکە بدەم، کە نامەوێ ناوی بهێنم، بەڵام ملم نەدا، لە کۆتاییدا ئەوە دەریخست کە گوشارکردن و هەوڵدان بۆ گۆڕینی رای دەنگدەرەکان هەیە.
رۆژنامەوانە مەغریبییەکە هەروەها دەڵێ، هەندێک کەس هەوڵدەدەن پەیوەندی بە رۆژنامەنووسانەوە بکەن و بۆچوونیان بگۆڕن. من خۆم ئەو ئەزموونەم بینی، بەڵام نەکەوتمە داوەکەیانەوە. ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی گوشار و کۆکردنەوەی پشتگیری بۆ یاریزانێک، لەکاتێکدا دەبێتە هۆی دەنگدانی نالۆژیکی بەهەندێک یاریزان.
ئەو رۆژنامەنووسە سوورە لەسەرئەوەی حەکیمی، شایەنی بەدەستهێنانی باڵۆندۆربووە، ئەو دەڵێ، ئەشرەف یاریزانێکی ئاسایی نییە، بەرگریکارێکی ناوازە و هێرشبەرێکە کە توانای هونەریی بەرزی هەیە.
قسەکانی ئەو رۆژنامەڤانە لە کاتێکدایە، گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ داوای لە پۆلیس کردووە، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری ئەنجامدانی قومار لەسەر لیستی پێنج یەکەمەکەی باڵۆندۆری ئەمساڵ کرابێت و پۆلیسی فەرەنسا، ئێستا سەرقاڵی ئەو کارەیە.




