رووداو دیجیتال
یانەی کازمەی کوێتی دوای دوو دۆڕان، لە گەڕی سێیەمی جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو یارییەکی قورس بەرامبەر یانەی هەولێر دەکات.
یارییەکە رۆژی چوارشەممە کاژێر 20:00 لەنێو یاریگای فرانسۆ هەریری هەولێر بەڕێوەدەچێت، تیپی میوان دوو رۆژە گەشتی شاری هەولێری کردووە و یەکەم یەکەی راهێنانی بەشێوەیەکی کراوە لەسەر یاریگای هەندرێن ئەنجامدا.
وەرزی ئەمساڵ کازمە ئاستێکی بەرزی لە خولی ناوخۆی کوێت پیشانداوە، دوای تەواوبوونی شەش گەڕ لە یارییەکان خولەکە، چوار بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە، بەکۆکردنەوەی 14 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندییە و بە دوو خاڵ لە دوای یانەی کوێتی پێشەنگە.
لە جامی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو هێشتا کازمە ئاستی دڵخۆشکەر نییە، دوو یاریی بەرامبەر یانەکانی ئیتیفاقی سعودی و عەجمانی کوێتی ئەنجامداوە و هەردووکی بە شکست تەواوکردووە، بۆ یاریی داهاتووش دۆخی ئاسان نییە، چونکە تیپەکە دوورە لە توانای سێ یاریزانی پیشەگەری کە بەهۆی پێکان یاری ناکەن، تەنانەت ناسر محەممەدۆ، ئەستێرەی یەمەنی تازە لە پێکان چاکبووەتەوە و بەشێوەیەکی باش بۆ یارییەکە ئامادە نییە.
یانەی هەولێر لە فڕۆکەخانە بەگوڵ پێشوازیی لە میوانەکەی کرد، لە هۆتێلێکی پێنج ئەستێرەش کازمە ماونەتەوە، تیپەکە لەنێو کەش و هەوایەکی خۆشدان، بەڵام بە بڕیاریی راهێنەر چوونە دەرەوە لە یاریزانان قەدەخە کراوە و میدیاکانیش نابێت لە تیپەکە نزیک ببەنەوە.
عەبدوڵڵا فەهد، یاریزانی یانەی کازمە لە لێدوانێکی تایبەت بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ئەو پێشوازییە گەرمەی لە هەولێر لێمانکراوە لای ئێمە نامۆ نییە و خەڵکی کوردستان بەو میواندارییە بەنێوبانگن، یارییەکی قورس و بەهێز چاوەڕێمانە و دوو یاریی رابردوو دۆڕاوین، دەمانەوێت بەشێوازێکی جیاواز دەرکەوین و قەرەبووی شکستەکانمان بکەینەوە".
شاندی یانەی کازمە لە 30 کەس پێکهاتوون، 20 کەس لە یاریزان و دەستەی راهێنەران لەگەڵ 10 کەس کە سەرپەرشتیاری و کارگێڕیی تیپەکەن، فەهد رەشیدی، کاپتنی یانەکە لەگەڵ شاندەکە نەبوو لە گەشتیان بۆ هەولێر، ئەو یاریزانە بڕیارە ئەمڕۆ پەیوەندی بە تیپەکەوە بکات.
ئەو یارییە بۆ هەولێر توڵەکردنەوەیەکی مێژووییە، لەبەرئەوەی دووجار لە یاریی کۆتایی جامی یەکێتیی ئاسیا هەولێر لەسەر دەستی کوێت و قادسیەی کوێتی نەیتوانیوە نازناوەکە بەرز بکاتەوە، بۆیە ئیمپڕاتۆر چاوی لە سەرکەوتنە.




