رووداو دیجیتاڵ
باوکی لامین یامال گومان لە دەنگدانی باڵۆندۆر دەکات و رەخنە لە ئیسپانیا دەگرێت لەسەر کیلیان ئێمباپێ و دەڵێت "دەنگەکانی کوڕەکەی منیان بە ئێمباپێ داوە".
مونیر نەسراوی، باوکی لامین یامال یاریزانی بارسێلۆنا، گومانی لە کێبڕکێی باڵۆندۆر هەیە، کە هاری کەین بەدەستیهێنا و پێش کیلیان ئێمباپێی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید کەوت، کوڕەکەیشی پلەی سێیەمی بەدەستهێنا.
لە لێدوانێکی ئاگرین و زۆر راشکاوانەدا، باوکی یاریزانە بەتواناکەی بارسێلۆنا هێرشێکی تووندی کردە سەر سیستمی دەنگدان لە ئیسپانیا و تۆمەتباری کرد بەوەی هێرشبەرەکەی ریال مەدرید تەنیا لەبەر ئەوەی درێسە سپییەکەی لەبەردایە، ئەنجامەکان لە بەرژەوەندی ئەودابوون.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسی بەناوبانگ جۆتا جۆردی، مونیر نەسراوی شۆک و سەرسوڕمانی خۆی دەربڕی بەرامبەر بەو دەنگانەی کە بۆ ئێمباپێ رۆیشتوون، بەمەش پلەی دووەمی ریزبەندییەکەی بەدەستهێنا. ئەو پێوەرانەی خستە ژێر پرسیارەوە کە نوێنەری ئیسپانیا بۆ گۆڤاری فرانس فوتبۆڵ، خۆسێ فێلیکس دیاز، بەڕێوەبەری رۆژنامەی ئەی ئێس بەکاریهێناون.
مونیر درێخی نەکرد لە ئاراستەکردنی رەخنەیەکی راستەوخۆ و تووند و گوتی "هیوادارم رۆژێک لەسەر شاشە یەکێک لەو کەسانە ببینم کە دەنگیان بە ئێمباپێ داوە، و حەزدەکەم قسەی لەگەڵ بکەم. و تۆش هاوڕێکەم هاندەری ئێمباپێیت.
باوکی لامین لەوە زیاتریش رۆیشت و بەڕاشکاوی بابەتەکەی بە کاریگەری درێسی ریال مەدرید لەسەر هەندێک دەنگ بەستەوە، ئەو تێبینییە زۆر کەس بە تۆمەتێکی ەوونی لایەنگرییان زانی.
بە تووڕەییەوە زیاتر گوتی "ئەمە تەنیا لێرە لە ئیسپانیا روودەدات، ئەگەر باشترین یاریزانی جیهان یاری بۆ ریال مەدرید بکات، ئەوا دەنگ بە هەڵبژاردەی نیشتمانی بدە! خەڵاتەکە بۆ یاریزانێکە نەک تیپێک، ئێمە لە سەدەی بیست و یەکداین، ئەی پیاو!".
لێدوانە تووندەکانی مونیر مشتومڕێکی بەرفراوانیان لە جیهانی تۆپی پێدا نایەوە سەبارەت بەوەی تا چەند پەیوەندی یاریزانێک لە یانەکانیدا کاریگەری لەسەر هەڵسەنگاندنەکانیان هەیە لە پێشبڕکێی باڵۆندۆردا، هەروەها گفتوگۆی لەمێژینەی سەبارەت بە بابەتییەتی پرۆسەی دەنگدان کردەوە".
پێدەچێت دیاردەی دەنگدان لەسەر بنەمای پاڵنەرە نەتەوەپەرستییەکان تەنیا لە ئیسپانیا سنووردار نەبێت. راستییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەرجەنتین دەنگی بە لیۆنێل مێسی و فەرەنسا بە کیلیان ئێمباپێ و ئینگلتەرا بە هاری کەین و جۆرجیا بە ئەستێرەکەی کڤاراتسخێلیا داوە، ئەمەش گومانەکان لەسەر پێوەرە راستەقینەکانی هەڵبژاردن بەهێزتر دەکات.




