رووداو دیجیتاڵ
نرخی بلیتی، یاریی هەولێر بەرامبەر کازمە لە چامپیۆنزلیگی کەنداو راگەیێنرا و بلیتی ئاسایی یارییەکە بە 5 هەزار دینار دەبێت.
یانەی هەولێر بەشێوەیەکی فەرمی رایگەیاند، بلیتی ئاسایی یاریی یانەکە بەرامبەر کازمەی کوێتی، لە جامی کەنداو بەرامبەر 5 هەزار دینار دەبێت و بلیتی ڤی ئای پی یارییەکە نرخەکەی 15 هەزار دینارە.
رۆژی چوارشەممە، بۆ هەولێر و کوردستان رۆژێکی گرنگە، یانەی هەولێر لە جامی کەنداو بەرامبەر یانەی کازمەی کوێتی یاریی دەکات. ئەوەی زۆرترین پرسیاریشی لەسەرە نرخی بلیتەکانی یارییەکەیە.
دوای ئەوەی یانەی ئیتیفاقی سعودی لە یاریی رابردوودا نەهاتە هەولێر، ئەمە دەبێتە یەکەم یاریی یانەکە لەنێو یاریگا و هاندەرانیدا لە پاڵەوانێتییەکەدا و دەیەوێت بەبردنەوە هاندەرانی دڵخۆش بکات.
ئەمڕۆ دوایین ئامادەکارییەکان بۆ ئەو یارییە دەکرێن، کاژێر 16:00 کۆبوونەوەی هونەری بۆ یارییەکە ئەنجامدەدرێت، کاژێر 18:00 لوئەی سەڵاح، راهێنەری یانەی هەولێر کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی دەبێت، دوای ئەوە کاژێر 18:30 خولەک یانەکە دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە لە یاریگای فرانسۆ هەریری ئەنجامدەدات و 15 خولەک مەشقەکانی بۆ میدیاکان کراوە دەبن.
کاژێر 19:30 کۆنگرەی رۆژنامەڤانی، دراگان تادیچ، راهێنەری کرواتیی یانەی کازمە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دەبێت و دوای ئەوە کاژێر 20:00 دوایین مەشقەکانی یانەکە دەکرێن.
شەوی چوارشەممە کاژێر 20:00 هەولێر شەوێکی تایبەت بەخۆیەوە دەبینێت، یانەی هەولێر بەرامبەر کازمەی کوێتی یاریی دەکات.
یانەی هەولێر هۆشدارییەک دەداتە هاندەرانی یانەکە و دەڵێت "هاندەرانی خۆشەویستی یانەکەمان بەپێی رێنماییەکانی یەکێتی تۆپی پێی کەنداو دوای فرۆشتنی 16 هەزار بلیت دەرگاکانی یاریگا دادەخەین و هەرکەسێک بلیتی لەلا نەبێت ناتوانێت دابنیشێت."




