رووداو دیجیتاڵ
دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی یانەی شتوتگارت، لە تورکیایە و لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر یانەی گاڵاتەسەرای یاریی دەکات.
ئونداڤ رۆژی دووشەممە لەگەڵ شاندی یانەی شتوتگارت گەیشتە ئیستەنبووڵ، دوایین مەشقەکانیان بۆ یاریی ئەمشەویان ئەنجامدا، کاتێک لە گەڕی چوارەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، کاژێر 20:45 لە رامس پارک بەرامبەر یانەی گاڵاتەسەرای تورکی یاریی دەکەن.
ئونداڤ، خەڵکی روهای باکووری کوردستانە، لەم وەرزەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا 3 یاریی ئەنجامداوە، بەشداریی لە 3 گۆڵدا کردووە، خاوەنی گۆڵێک و دوو ئەسیستە.
چوونی ئەو بۆ تورکیا و یارییکردن بەرامبەر گاڵاتەسەرای، بە رووداوێکی گرنگ و هەستیار هەژمار دەکرێت، بەوپێیەی ئەو یاریزانە پێشتر رەتیکردووەتەوە بەدرێسی هەڵبژاردەی تورکیاوە یاریی بکات.
پێشتر لە 2025 لە یۆرۆپالیگدا، شتوتگارت بەرامبەر فێنارباخچە یارییکرد، لەو یارییەدا لە ئیستەنبووڵ هاندەرانی یانە تورکییەکە هێرشی زۆریان کردە سەر دێنیز ئونداڤ و یاریزانە کوردەکە رووبەڕووی رەگەزپەرستییەکی زۆر بووەوە.
ئەستێرە کوردەکە بۆ یارییەکەی ئەمشەو چاوی زۆری لەسەرە، بەڵام ئەو دەیەوێت بە هاوکاریکردنی تیپەکەی بۆ بردنەوەی یارییەکە وەڵامی هەمووان بداتەوە.




